روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایدەکات، لە ریفی حومس، پێنج کەس لە دوو رووداوی جیاوازدا لەلایەن داعشەوە کوژراون.
روانگەکە بڵاویکردووەتەوە، ئەو پێنج کەسە لە ناوچەی جەبەل عەمور لە ریفی حومس، لە دوو رووداوی جیاوازدا، لەلایەن چەکدارانی داعشەوە راستەوخۆ تەقەیان لێکراوە و کوژراون.
سێ لە کوژراوەکان شوانکارەن و ئاژەڵەکانیان لەلایەن چەکدارەکانی رێکخراوەکەوە، بەرەو شوێنێکی نادیار براون.
بەگوێرەى ئامارەکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەسەرەتای ئەمساڵەوە، 613 هاوڵاتیی سووری لەلایەن داعشەوە لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە کوژراون.
هاوکات 58 چەکداری رێکخراوەکەش لە بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا و سووریادا کوژراون.