ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەمیانی گەشتەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەردانی تورکیای کرد و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری وڵاتەکە کۆبووەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بلینکن و ئەردۆغان دوایین پێشهاتەکانی سووریا و گواستنەوەی دەسەڵاتیان لەو وڵاتە تاوتوێکردووە.
بلینکن جەختیکردووەتەوە، سەرجەم لایەنەکانی سووریا رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن و هاوڵاتییانی مەدەنی بپارێزن، لەنێویاندا پێکهاتە جیاوازەکانی وڵاتەکە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، گوتوویەتی، پێویستە گرنگی بەوەبدرێت هاوکاریی مرۆیی پێشکەشی ئاوارەکان بکرێت و لە مەترسی دووربخرێنەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جیاواز لە دۆخی سووریا، بلینکن و ئەردۆغان گفتوگۆیان لەبارەی جەنگی غەززە کردووە، بە پێویستیان زانیوە رێککەوتن بکرێت بۆ راگرتنی جەنگ.