میدیاکانی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسانی سەربازیی وڵاتەکەوە بڵاویانکردەوە، پاش لاوازبوونی گروپەکانی نزیک لە ئێران و کەوتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا، سوپای ئیسرائیل بیر لە بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکاتەوە.
راپۆرتێکی ماڵپەری 'تایمز ئۆف ئیسرائیل' ئاماژەی بەوەداوە، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران. ئیسرائیل گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی لە پاش رووخانی ئەسەد و لاوازبوونی حیزبوڵاوە ئێران هەست بە گۆشەگیریی دەکات و رەنگە هەوڵبدات پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات.
بەرپرسە ئیسرائیلییەکان بە ماڵپەرەکەیان گوتووە، ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
ئەگەرچی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە دوپاتیدەکاتەوە چالاکییە ئەتۆمییەکانی بۆ مەبەستی مەدەنی بەکاردەهێنێت، بەڵام دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەڵێن ئێران تاوەکو ساڵی 2003 بەرنامەیەکی ئەتۆمیی رێکخراوی هەبووە، دواتریش بەردەوامبووە لە پەرەپێدانی بەرنامەکەی. ئیسرائیلیش پێداگرە لەوەی ئێران هەرگیز دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەبووە.