دوایین گوژمەی پارەی گەنمی جوتیاران خرایە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی

ئەمڕۆ 14ـی کانوونی یەکەم، چەکی دوایین گوژمەی پارەی گەنمی جوتیاران لە بەغدادوە گەیشتە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان.
بڕی ئەو پارەیەی، کە خراوەتە سەر هەژمارەی وەزارەتی بارزگانی 125 ملیار و 853 ملیۆن و 997 هەزار دینارە، لەو ژمارەیەش بڕی زیاتر لە 47 ملیار و 642 ملیۆن دیناری شایستەی جوتیارانی سلێمانییە، زیاتر لە 44 ملیار و 45 ملیۆن دیناری شایستەی جوتیارانی هەولێر و زیاتر لە 34 ملیار و 165 ملیۆن دیناریشی شایستەی پارەی گەنمی جووتیارانی دهۆکە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری بازرگانیی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ی راگەیاند،" پاش گەیشتنی هەر بڕەپارەیەک دەبێت 72 کاتژمێر بەسەر وادەی گەیشتنەکەی تێپەڕببێت و پاش ئەنجامدانی رێکارییە ئیدرایی و کارگێڕییەکان لە رۆژانی چوار شەممە و پێنجشەممە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بەدابەشکردنی پارەکە دەکەین".
ئەو بڕەپارەیەی کە لایەن وەزارەتیی بازرگانیی عێراقەوە خەرجکراوە پاش ئەوەدێت بەغداد پێشتر دڵنیایی دابوو پێش کۆتایی ساڵ سەرجەم پارەی گەنمی جوتیاران خەرجبکرێت.
ئەمساڵ حکومەتى عێراق بڕی 685 هەزار تۆن گەنمى لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، نرخی هەر تۆنێک لە گەنمى پلە یەک 835 هەزار دینار و گەنمى پلە دوو 815 هەزار دینار دیاریکراوە، بە کۆى گشتى جوتیاران بە بەهاى 565 ملیار دینار گەنمیان بە بەغداد فرۆشتووە.