پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت

دوایین گوژمەى پارەى گەنمى جوتیاران خرایەسەر هەژمارى وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمى کوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی بارزگانیی هەرێمى کوردستانیش دەڵێت: دواى تەواوکردنى رێکارە کارگێڕى و داراییەکان دەست بە دابەشکردنى پارەى گەنمى جوتیاران دەکرێت.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بارزگانیی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـى راگەیاند، چەکەکانى پارەى گەنمى جوتیارانیان بە دەست گەیشتووە و ناردوویانن بۆ بانکەکان و لە ئێستادا سەرقاڵى رێکارە کارگێڕى و داراییەکانن.
گوتیشى، دواى تەواوکردنى رێکارە کارگێڕى و داراییەکان پێشبینى دەکەن کۆتایى ئەم هەفتەیە یاخود سەرەتاى هەفتەى داهاتوو دەست بە دابەشکردنى پارەى گەنمى جوتیاران بکرێت.
پێشتر بەغداد بڕیاریدا بە خەرجکردنى بڕی 125 ملیار و 853 ملیۆن و 997 هەزار دینارى تایبەت بە پارەی گەنمی جوتیارانى هەرێمى کوردستان، لەو ژمارەیەش بڕی زیاتر لە 47 ملیار و 642 ملیۆن دیناری شایستەی جوتیارانی سلێمانییە، زیاتر لە 44 ملیار و 45 ملیۆن دیناری شایستەی جوتیارانی هەولێر و زیاتر لە 34 ملیار و 165 ملیۆن دیناریشی شایستەی پارەی گەنمی جووتیارانی دهۆکە.
بەر لە ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێریی گشتى لە هەرێمى کوردستان و عێراق، بڕی 158 ملیار دیناری پارەی گەنم لە بەغدادەوە گەیشتە هەرێمى کوردستان و بەسەر جوتیاراندا دابەشکرا.
ئەمساڵ بە کۆى گشتیی جوتیارانى هەرێمى کوردستان بە بەهاى 565 ملیار دینار گەنمیان بە بەغداد فرۆشتووە و ئەو 130 ملیار دینارەش دوایین گوژمەى ئەو پارەیەیە.
حکومەتی عێراق بڕی 685 هەزار تۆن گەنمى لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، نرخی هەر تۆنێک لە گەنمى پلە یەک بە 835 هەزار دینار و گەنمى پلە دوو بە 815 هەزار دینار دیاریکرا.