نەخۆشیی غوددەی تەمبەڵ و هۆکارەکانی

test
غوددەی تەمبەڵ هۆکارێکی زیادبوونی کێشە

غوددەی تەمبەڵ، نەخۆشییەکە کە تێیدا رژێنی غوددە بڕێکی کەم لە هۆرمۆنەکانی بەرهەمدەهێنێت، ئەمەش کاردەکات سەر زۆرینەی چالاکییەکانی جەستە و وادەکات کەسەکە قەڵەو ببێت و هەست بە شەکەتی بکات. هۆکارەکانی غوددەی کەمچالاک جۆراوجۆرن، بەڵام زۆرینەی کات چارەسەرەکەی ئاسانە و دەکرێت لەڕێگەی وەرگرتنی دەرمانێکەوە، رێگری لە ماکەکان بکرێت.

رژێنی غوددە، دەکەوێتە بەشی پێشەوەی مل. بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی دوو هۆرمۆنی سەرەکیی جەستە بەناوی T3 و T4. ئەم دوو هۆرمۆنە رۆڵیان هەیە لە رێکخستنی چالاکییەکانی جەستە.

نیشانەکانی غوددەی تەمبەڵ

نیشانەکانی غوددەی تەمبەڵ لەپڕ دەرناکەون، بەڵکو بەرەبەرە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی نەخۆشییەکەدا دەردەکەون:

  • لەبیرچوونەوە و لاوازیی سەرنجدان
  • خەمۆکی و دڵەڕاوکێ
  • وشکبوونەوەی پێست و قژ
  • بەرزبوونەوەی چەوریی خوێن
  • هەستکردن بە شەکەتی
  • تێكچوونی سووڕی مانگانە لە خانماندا
  • گڕبوونی دەنگ
  • بەرگەنەگرتنی سەرما
  • سڕبوون و مێروولەکردنی دەستەکان
  • ئاوسانی دەموچا
  • لاوازبوونی ماسولکەکان
  • زیادبوونی کێش بەبێ هۆکار

هۆکارەکانی غوددەی تەمبەڵ چین؟

سەرەکیترین هۆکاری غوددەی تەمبەڵ، نەخۆشییەکی دژەخۆییە بە ناوی هاشیمۆتۆ. لەم نەخۆشییەکەدا خانەکانی بەرگری هێرشدەکەنە سەر رژێنی غوددە، بەمەش خانەکانی تێكدەشکێنن و هۆرمۆنی غوددە بەرهەمناهێنن.

هۆکارەکانی دیکەی غوددەی تەمبەڵ دەکرێت ئەمانە بن:

  • کاریگەریی لاوەکی دەرمانەکان: بۆنموونە لیسیۆم یان هەندێک دەرمانی چارەسەرکردنی ناڕێکیی کارەبای دڵ
  • زگماکی: هەندێجار رژێنی غوددە هەر بە زگماکی بەباشی دروستنابێت
  • گرێ: هەندێک گرێی ناشێرپەنجەیی دەکرێت رێگربن لەوەی رژێنی غوددە بەباشی کاربکات
  • هەوکردن: هەوکردنی رژێنی غوددە، دەبێتەهۆی تێكشکانی خانەکانی رژێنەکە و وادەکات بەگوێرەی پێویست هۆرمۆنەکان بەرهەمنەیەن

چی ئەگەری تووشبوون بە غوددەی تەمبەڵ زیاددەکات؟

کۆمەڵێک هۆکار هەن، ئەگەر لە کەسێکدا هەبن ئەگەری تووشبوونی بە غوددەی تەمبەڵ زیاتردەکەن:

  • نەخۆشییە دژەخۆییەکان، بۆنموونە رەبۆ
  • جینەکان
  • بوونی مێژووی نەخۆشییەکانی غوددە
  • دووگیانی
  • بەرکەوتنی تیشک بە مل یان سەر
  • دەستکردن یان وەستاندنی هەندێک دەرمان

ماکەکانی غوددەی تەمبەڵ چین؟

ئەگەر غوددەی تەمبەڵ چارەسەرنەکرێت، دەکرێت ببێتەهۆی ئەو ماکانە:

  • ئاوسان و ئەستووربوونی مل
  • نەخۆشییەکانی دڵ
  • نەزۆکی
  • لەبارچوونی منداڵ یان نەخۆشیی زگماکی
  • نەخۆشیی دەمارەکانی دەست و قاچ

غوددەی تەمبەڵ چۆن چارەسەردەکرێت؟

سەرەکیترین رێگەی چارەسەرکردنی غوددەی تەمبەڵ حەبی لیڤۆسایرۆکسینە. ئەم حەبە هاوشێوەی هۆرمۆنە سروشتییەکەی جەستە کاردەکات. بەجۆرێک ئەگەر کەسێک ئەم حەبە بخوات، پێویستی بەوە نییە جەستەی هۆرمۆنەکە بەرهەمبهێنێت.

لەدوای دەستکردن بە خواردنی ئەو حەبە، بەرەبەرە نیشانەکان دەستدەکەنەوە بە چاکبوونەوە و لە ماوەی  چەند هەفتەیەکدا کەسەکە بەتەواوی هەست بە باشبوون دەکات.

ئەوانەی رژێنی غوددەیان لابراوە، یان بە یەکجاری لەکارکەوتووە، دەبێت تاوەکو کۆتایی ژیانیان رۆژانە ئەم حەبە بخۆن. ئەمە دەبێت لەژێر رێنمایی پزیشکی پسپۆڕدا بێت.

کەی تووشبووی غوددەی تەمبەڵ دەبێت سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتن بکات؟

هەندێجار لەوانەیە غوددەی تەمبەڵ، بەتایبەت لە کاتی پشتگوێخستنی دەرمانەکان، ببێتەهۆی کۆمەڵێک ماکی لەناکاو. گرنگە ئەگەر کەسێک ئەم نیشانانەی هەبوو، راستەوخۆ سەردانی بەشی فریاکەوتن بکات:

  • هەناسەتوندی
  • شەکەتییەکی لەڕادەبەر
  • دابەزینی بەرچاوی پلەی گەرمیی لەش
  • دابەزینی فشاری خوێن
  • هێواش لێدانی دڵ

غوددەی تەمبەڵ بۆماوەییە؟

هەندێجار دەکرێت جینێک بەرپرس بێت لە زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکە، بەڵام راستەوخۆ نابێتەهۆی غوددەی تەمبەڵ. واتە ئەگەر کەسێک نەخۆشییەکەی هەبێت، دەکرێت ئەگەری تووشبوونی منداڵەکانی زیادبکات، بەڵام مەرجیش نییە منداڵەکانی نەخۆشییەکەیان هەبێت.

ئەگەر کەسێک دەرمانەکانی پشتگوێبخات چی روودەدات؟

بەبێ هۆرمۆنەکانی رژێنی غوددە، مانەوە لە ژیان ئەستەمە. بۆیە گرنگە چارەخوازان بە هیچ جۆرێک دەرمانەکانیان پشتگوێنەخەن و لەژێر رێنمایی پزیشکی پسپۆڕدا بەشێوازێکی هەمیشەیی دەرمانەکانیان وەربگرن