هێزەکانی سووریای دیموکرات، تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە بە پێشێلکردنی ئاگربەست و هێرشکردنەسەر هێزەکانیان لە دەوروبەری کۆبانێ و بەنداوی تشرین تۆمەتبار دەکات و خستنەخوارەوەی درۆنێکی جۆری بەیرەقدار رادەگەیەنێت.
هەسەدە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، سەرەڕای هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی ئارامی، بەڵام تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی لە دوێنێوە چەندین هێرشیان بۆ سەر هێزەکانمان لە دەورووبەری کۆبانێ و بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاک دەستپێکردووە.
لە راگەیەندراوەکەى هەسەدەدا هاتووە، "ئێوارەى رۆژی 17ـى ئەم مانگە، گرووپە چەکدارەکان بە پشتیوانی ئاسمانی تورکیا، لە سێ قۆڵەوە هێرشیان بۆ سەر بەنداوی تشرین و عەین عیسا ئەنجامداوە، بەڵام شکستیان بە هێرشەکان هێناوە".
هێزەکانی تورکیا بۆ پاڵپشتیکردنی گرووپە چەکدارەکان، بەگوێرەى راگەیەندراوەکەی هەسەدە، سێ بۆردوومانی ئاسمانییان لە نزیک پردی قەرەقۆزاک و گوندی بیرحەسۆ لە باشووری کۆبانێ ئەنجامداوە و تۆپهاوێژەکانی تورکیاش، دەیانجار ناوچەکەیان بۆردوومان کردووە.
هەسەدە راشیگەیاندووە، لەکاتی بڵاوکردنەوەی ئەم راگەیەندراوەدا، شەڕ و پێکدادانی قورس بەردەوامە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لە نزیک پردی قەرەقۆزاک، درۆنێکی بەیرەقداریان لە جۆری TB2 خستووەتە خوارەوە.
هێرشی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی بۆ سەر هەسەدە لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئاگربەستی نێوان گرووپە چەکدارەکان و هەسەدە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە درێژکراوەتەوە.
هاوکات فەرماندەی گشتیی هەسەدە، پێشنیازی درووستکردنی ناوچەیەکی لە چەک داماڵدراوی لە کۆبانێ کرد بە سەرپەرشتی ئەمریکا و بەمەبەستی رەواندنەوەی مەترسییە ئەمنییەکانی تورکیا.