روونکردنەوەى وەزارەتى دارایى عێراق لەبارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان

دیناری عێراقی. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو تۆمەتانەی باس لە خەرجنەکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەن دوورن لە راستییەوە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، مووچەی مانگەکانی 10 و 11ـی مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان دابینکراوە و نێردراون بۆ لایەنی پەیوەندیدار.

وەزارەتەکە جەختى لەوەشکردووەتەوە، "وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان پابەندى رێکارەکانمان نەبووە، بەهۆى کێشە لە تەرازووى پێداچوونەوە، هەرێمى کوردستان دابەشکردنى مووچەى دواخستووە".

روونیشکراوەتەوە، "بەگوێرەى رێکارە یاساییەکان پابەندین بە تەمویلکردنى مووچە لە کاتى خۆیدا، لەگەڵ هەرێمى کوردستان لەبارەى مووچەوە لە پەیوەندى بەردەوامداین".