شارەوانیی سلێمانی هۆشداری دەداتە نووسینگەکانی زەوی و خانوو

ئەنجوومەنی شارەوانیی سلێمانی، لەبارەی مامەڵەکردن بە زەوی و خانووی زیادەڕۆوە هۆشداری دەداتە سەرجەم خاوەن نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتن لە سلێمانی.

زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە کەناڵ8ـی راگەیاند، ئەنجوومەنی شارەوانیی سلێمانی، ژووری بازرگانی راسپاردووە هۆشداریی بدەنە سەرجەم خاوەن نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتن لە سلێمانی تاوەکو خۆیان بەدوور بگرن لە مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بەو موڵکانەوە کە تاپۆیان نییە یاخود سەرپێچی و زیادەڕۆییان هەیە، بەپێچەوانەوە رێکاری یاسای لەدژیان دەگیرێتەبەر.

گوتیشی، "بەو موڵکانە دەگوترێن نایاسایی کە تاپۆ یاخود فۆرمی شارەوانییان نییە، یاخود فۆرمیان هەیە بەڵام رێکارە یاساییەکانیان تەواو نەکراوە و کڕیار زانیاریی نییە لەسەریان و زۆربەشیان موڵکی گشتین".

هاوکات، نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی، بە کەناڵ8ـی گوت، بڕیارەکە لەلایەن ئەنجوومەنی شارەوانییەوە دەرچووە و هەموو ئەو خانوو و زەوییانە دەگرێتەوە کە بە زیادەڕۆیی دروستکراون یاخود موڵکی گشتین".

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر چەند جارێک شارەوانیی سلێمانی هۆشداریی داوەتە هاونیشتمانییان، کە خۆیان بەدووربگرن لە کڕینی هەرجۆرە موڵکێک کە نایاسایی بێت، چەندین جاریش خانوو و باخی زیادەڕۆ کە دروستکراوە لەلایەن تیمەکانی شارەوانیی رووخێنراون.