کەناڵ8 هۆکاری دابەشنەکردنی پارەی گەنمی جوتیاران ئاشکرا دەکات

هەشت رۆژە چەکی دوایین گوژمەی پارەی گەنمی جوتیاران لە بەغدادەوە گەیشتووەتە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا پارەکە دابەشنەکراوە.
نەسرین عەلی، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی بەکەناڵ8ـی راگەیاند، گرفتێک هەیە لە رێگەپێدان بە دابەشکردنی پارەکە، لە یەکشەممەی رابردووەوە چەکمان ناردووە بۆ بانکی هەرێم تاوەکو لەوێوە بنێردرێتەوە بۆ بانکی رافیدەین و بەڵگەنامەی پەسەندکراو بنێرێتەوە دەست بە دابەشکردنەکە بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکی چەکەکە لە بانکی رافیدەینەوە نەگەڕاوەتەوە، ئەمەش دابەشکردنەکەى راگرتووە.
گوتیشی:" لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە بەغداد گفتوگۆمان کردووە و لەهەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەداین".
لەسەر ئەم پرسە کەناڵ8 قسەى لەگەڵ غەریب ئەحمەد، ئەندامى لیژنەى کشتووکاڵى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق کرد و رایگەیاند، وەزارەتى بازرگانیی هەرێمى کوردستان کەمتەرخەمە، ئەو رێکارە کارگێڕییەى باسى دەکەن ماوەیەکیی کەمیی پێویستە.
بڕی ئەو پارەیەی، لە 14ـی ئەم مانگە، خراوەتەسەر هەژماری وەزارەتی بارزگانی 125 ملیار و 853 ملیۆن و 997 هەزار دینارە، لەو ژمارەیەش بڕی زیاتر لە 47 ملیار و 642 ملیۆن دیناری شایستەی جوتیارانی سلێمانییە، زیاتر لە 44 ملیار و 45 ملیۆن دیناری شایستەی جوتیارانی هەولێر و 34 ملیار و 165 ملیۆن دیناریشی شایستەی پارەی گەنمی جوتیارانی دهۆکە.
ئەمساڵ حکومەتى عێراق بڕی 685 هەزار تۆن گەنمى لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، نرخی هەر تۆنێک لە گەنمى پلە یەک 835 هەزار دینار و گەنمى پلە دوو 815 هەزار دینار دیاریکراوە، بە کۆى گشتى جوتیاران بە بەهاى 565 ملیار دینار گەنمیان بە بەغداد فرۆشتووە.