وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمى کوردستان رایگەیاند، سبەى مووچەی مانگی 10ـى مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
لە راگەیەندراوێکدا، وەزارەتى دارایى و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەوەى خستۆتەڕوو، کە رۆژى سێشەممە 24ـى کانوونى یەکەم، مووچەى مانگى تشرینى یەکەمى مامۆستایانى گرێبەستى وەزارەتى پەروەردە لەسەرتاسەرى هەرێمى کوردستان دابەش دەکرێت.
کاروخ عەبدوڵا، نوێنەرى مامۆستایانى گرێبەست لەهەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـى راگەیاند، "مووچەى مانگى 10 لەسەر بنەماى بە گرێبەست بوونى مامۆستایانى وانەبێژ خەرجدەکرێت، ئەوانەى بڕوانامەى دبلۆمیان هەیە مانگانە 400 هەزار دینار و ئەوانەى بڕوانامەى بەکالۆریۆسیان هەیە مانگانە 500 هەزار دینار و بۆ بڕوانامەى ماستەر 600 هەزار دینار و بۆ بڕوانامەى دکتۆرا یەک ملیۆن و 200 هەزار دینارە".
ژمارەى مامۆستایانى گرێبەست لە هەرێمى کوردستان نزیکەى 38 هەزار مامۆستایە و لەو ژمارەیە هەزار و 197 مامۆستایان بڕوانامەى ماستەریان هەیە و سێ مامۆستاش بڕوانامەى دکتۆرایان هەیە، ئەوانى دیکەش هەڵگرى بڕوانامەى دبلۆم و بەکالۆریۆسن.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەگوتەى نوێنەرى مامۆستایانى گرێبەست، هێشتا مامۆستایانى گرێبەستى سنوورى 15 پەروەردەى دهۆک و هەولێر مووچەى مانگى حەوت و هەشتیان وەرنەگرتووە، لە ئیدارەى راپەڕینیش ئەمڕۆ دووشەممە، مووچەى مانگى حەوت و هەشت وەردەگرن.