هەشت رۆژ لە ساڵى 2024 ماوە و هێشتا مووچەى مانگەکانى 11 و 12ـی مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دابەشنەکراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێى گەیشتنى 430 ملیار دینار دەکات، کەناڵ8 زانیویەتی، پێش سەری ساڵ مووچەی مانگی 11 دابەشدەکرێت.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بۆ کەناڵ8 گوتى، "بۆ مووچەى مانگى 11 چاوەڕێى گەیشتنى 430 ملیار دینار دەکەین لە بەغدادەوە، کە هەموو رێکارەکانى تەواو بووە و چاوەڕێین سبەى سێشەممە 24ـى کانوونى یەکەم، بخرێتەسەر هەژمارى وەزارەتى دارایى و ئابووریى هەرێمى کوردستان".
ئەوەشى خستەڕوو، پاش گەیشتنى ئەو 430 ملیار دینارە مووچەى مانگى 11 راستەوخۆ دابەشدەکرێت، گوتیشى، "خشتەى مووچەى مانگى 11 هاوشێوەى خشتەى مانگى 10 دەبێت، ئەگەر پشوو بێت، پێش ساڵى نوێ دابەشدەکرێت".
سەرچاوەکەى ئەنجوومەنى وەزیران، ئاماژەى بەوەکرد، کارەکانى لیژنە تەکنیکییەکانى وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان تایبەت بە تەرازووى پێداچوونەوە و پرسى رەوانەکردنى مووچەى مانگى 12یە، گوتیشى"بەرەوپێشچوونى باش هەیە و لێکتێگەیشتن بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان بوونى هەیە، دەرئەنجامەکەى سبەى دەردەکەوێت"، هەروەها حەسەن رەشید، راوێژکار لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەناڵ8 گوتى، "چاوەڕێی ناردنى 430 ملیار دینارەکەین و مووچەى مانگى 11 پێش هاتنی ساڵى نوێ دابەشدەکەین".
هاوکات، سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان بۆ کەناڵ8 ئەوەى دووپاتکردەوە، بڕیارى ناردنى 430 ملیار دینار بۆ تەواوکاریى مووچەى مانگەکانى کۆتایى ئەمساڵ تەواو بووە و هیچ گرفتێک لەبەردەم ناردنیدا نەماوە تاوەکو مووچەى مانگى 11 دابەشبکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، وەزارەتى دارایى عێراق رۆژى چوارشەممە 25ـى کانونى یەکەمى 2024، سەرجەم خەرجییە داراییەکانى رادەگرێت، کە پێویستە پێش ئەو وادەیە تەمویلى دارایى بۆ مووچە رەوانەى هەرێمى کوردستان بکرێت.