بەهۆی چڕیی پیسبوونی هەوا دەوامی خوێندنگەکان لە تاران راگیرا

کەشناسیی ئێران هۆشداریی پیسبوونی هەوای بە 10 شاری گەورەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان داوە و ئەمڕۆ سێشەممەش، دەوامى باخچە و خوێندنگە سەرەتاییەکان لە تارانى پایتەخت بۆ دوو رۆژ و پارێزگاى ئەلبورزیش رۆژێک راگیراوە.
هاوکات دەزگای کۆنترۆڵی جۆریی هەواى ئێران بڵاویکردەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاران پێنج رۆژ هەوای پاکی هەبووە، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا تاران نۆ رۆژ هەوای پاکی هەبووە.
باسى لەوەشکردووە، لەو شارانەی زیاتر لە 100 هەزار کەسیان تیادا دەژیی، رێژەی بەرهەمهێنانی گازە زیانبەخشەکان بۆ هەر مەتر سێجایەک 115 مایکرۆگرامە، لەکاتێکدا ئەم رێژەیە بە تێکڕای ستانداردی جیهانیی دەبێت 63 مایکرۆگرام بێت.
هۆکارەکانی پسبوونی هەوا لە ئێران بۆ گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا، دووکەڵ و سوتاندنی رۆنی رەش لە کارگەکان، بەکارهێنانى ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلی کۆن دەگەڕێتەوە.
پیسبوونى هەواى ئێران لەکاتێکدایە، پەرلەمانى وڵاتەکە لە 3ـی ئابی 2017 دا یاسای هەوای پاکی پەسەند کردووە، بەڵام هێشتا چڕیی پیسبوونى هەوا لە شارەکانى ئێران، نزیکەى دوو هێندەى ئاستى ستانداردە