ئەو گۆرانییە ئەفریقییەی سۆشیالمیدیای تەنیوە، دژایەتی یان پشتگیری کورد دەکات؟

test

لەم دواییانەدا گۆرانییەک هەموو سۆشیال میدیای تەنیوە و لە خۆشەویستی بەکارهێنانی ناوی (کوردستان) لە ناو تێستەکەدا زۆر بە خێرایی و بەربڵاوی گۆرانییەکە لەناو کوردەکاندا بڵاوبۆتەوە، بابزانین پەیامی گۆرانییەکە چییە و چی دەگەیەنێت؟

تیکن جاه فاکۆلی، ناوی هونەریی (دۆمبیا موسا فاکۆلی)یە کە گۆرانیبێژێکی ستایڵی ریگیی وڵاتی کۆت دیڤواری کەناری عاجە لە رۆژئاوای ئەفریقیا، لە 23 ی تەموزی 1968 لەدایک بووە، هەر لە تەمەنێکی منداڵییەوە حەزی بە ستایڵی ریگیی کرد و لە ساڵی 1987 یەکەم تیپی موزیکی خۆی بەناوی Djelys دامەزراند، ناو و ناوبانگی لە گۆرانیبێژێکی هەرێمییەوە کردە ئەستێرەیەکی نیشتیمانی، بەرهەمە هونەرییەکانی لەسەر گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و سیاسی وڵاتەکەی و ئەو نادادپەروەرییانەیە کە خەڵکی وڵاتەکەی تووشی بووە، یەکێک لەو کارانە لەسەر مردنی فێلیکس هۆفۆ بۆیگنی بوو لە ساڵی 1993، کە بووە هۆی ناوبانگ دەرکردنی لە نێو گەنجانی میللەتەکەیدا. لە ساڵی 1998 بۆیەکەمین جار لە دەرەوەی وڵات لە پاریس گۆرانی ووت.

تیکن جاه فاکۆلی موزیک دەژەنێت "بۆ بەئاگاهێنانەوەی ویژدانەکان"، موزیکی ئەو باس لەو نادادپەروەرییە زۆرانە دەکات کە بەرامبەر بە خەڵکی وڵاتەکەی و ئەفریقییەکان بە گشتی کراوە، هەروەها هاندەری بانگەوازی پان ئەفریقایی و سەرهەڵدانەوەی ئابووری و سیاسی و کولتووری ئەفریقایە. بەم شێوەیە زۆرێک لە گوێگرانی ئەفریقی هەست بە نزیکایەتییەکی قووڵ دەکەن لەگەڵ تێکستەکانیدا وەک دەوترێت فاکۆلی دەنگی کەسانی ستەملێکراوە. ئەم هەڵوێستانەی یارمەتیدەربووە بۆ ئەوەی تیکن جاه فاکۆلی ببێتە هونەرمەندێک کە لە سەرانسەری جیهاندا گوێی لێ بگیرێت.

تیکن جاه سەرەڕای ئەوەی گۆرانیبێژی ریگییە ورێزێکی قوڵی بۆ کولتوری رەستەفاری هەبووە، بەڵام لە بنەماڵەیەکی موسڵمانەوە هاتووە و وابەستەیە بە ئایینی ئیسلامەوە. خێزانەکەی زۆر بەکەمی پشتگیریان دەکرد لە کارە هونەرییەکانی بە ستایڵی ریگیی. گەرچی خۆی بەکاربەری مادەهۆشبەرەکانە، بەڵام هانی کەسانی دیکە دەدات کە بەکارینەهێنن.

گۆرانی "Plus rien ne m’étonne" کە لە ئێستادا سۆشیال میدیای کوردیی تەنیوە، لە نووسینی تیکن جاه فاکۆلی خۆیەتی، باس لە بابەتەکانی ئیمپریالیزم و ئیستغلالکردن و دابەشکردنی جیهان لەلایەن زلهێزە کۆلۆنیالیزمەکانەوە دەکات. تێکستەکان هەستی بێهیوایی و خۆبەدەستەوادان دەردەخات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە گۆرانیبێژ چیتر سەری ناسوڕمێت لەو نادادپەروەری و نایەکسانیانەی کە لە جیهاندا باون.

لە سەربەندەکاندا دووبارەبوونەوەی "Plus rien ne m'étonne" (چیتر هیچ شتێک سەرسامم ناکات) جەخت لەسەر دیدگای بێزارکەر و سەرسوڕمان نەبوونی گۆرانیبێژەکە دەکاتەوە بەرامبەر بە ئاکار و رەفتاری خاوەن دەسەڵاتداران. ئاماژە بە دانپێدانانێک دەکات کە جیهان لەلایەن ئەو زلهێزانەوە دابەشکراوە و کۆنترۆڵکراوە، کە بووەتە هۆی هەستکردن بە بێباکی و قبوڵکردنی ئەو واقیعە.

بەشەکانی تێکستەکە تیشک دەخەنە سەر بارودۆخی جیۆپۆلەتیکی جۆراوجۆر کە وڵاتان دابەش بوون یان سەرچاوەکانیان لە پێناو بەدواداچوونی دەسەڵات و کۆنترۆڵدا ئیستغلال کراون. ئاڵوگۆڕی خاک و سەرچاوەکان کە لە بەشی یەکەم و دووەمدا ئاماژەی پێکراوە، هێمای دەستکاریکردن و ئیستغلالکردنی گەلانە لەلایەن گەلانی باڵادەستترەوە. لەم بەشانەدا تۆنێکی گاڵتەجاڕی هەیە، گۆرانیبێژەکە ئاماژە بەوە دەکات ئەو دابەشبوون و کێشمەکێشانەی وڵاتانی زلهێز لەناو خۆیاندا هەیانە، لە جیهانی ئەمڕۆدا چاوەڕوانکراو و قبوڵکراون. لەم بەشەدا دەڵێت: (ئەگەر یارمەتیم بدەن بۆ بۆردومانکردنی عێراق، کوردستان یەکلایی دەکەمەوە)، لێردا فاکۆلی مەبەستی لەوەیە کە زلهێزەکان بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان عێراق بۆردومان دەکەن بۆیە عێراق بەش بەش بکەن و کوردستانی لێ جیا بکەنەوە.

لە بەشی سێیەمدا تێکستەکان بە تایبەتی لەسەر کۆلۆنیکردن و دابەشکردنی ئەفریقا جەخت دەکاتەوە. ئەو گۆرانیبێژە رەخنە لە زلهێزە ئیمپراتۆرییەکان دەگرێت کە ئەفریقایان دابەش کردووە بەبێ ئەوەی راوێژ و رەچاوکردنی خواستی گەلەکەی لەبەرچاو بگرێت. باسکردنی ئیمپراتۆریەتە مێژووییە جۆراوجۆرەکانی ئەفریقا، رەنگدانەوەی ئەو پارچەپارچەبوون و تێکچوونەیە کە بەهۆی زلهێزە کۆلۆنیالیزمەکانەوە دروست بووە، کە دەبێتە هۆی نەبوونی یەکگرتوویی لە نێوان گەلانی ئەفریقادا.

هەرچەندە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هاوسۆزییەک بۆ ئەم گۆرانییە هەیە، بەڵام ناوهێنانی کوردستان لەم تێکستەدا پێچەوانەی ئەو هەستە نەتەوایەتییە کە کوردان هەیان بوو بۆ ئەم گۆرانییە و پێیان وایە لە بەرژەوەندی کورد و کوردستان ناوی هێنراوە، بە تێگەیشتن لە تەواوی تێکستەکە کە لە خوارەوە تەواوی گۆرانییەکەم وەرگێڕێردراوەتە سەر زمانی کوردی، رەنگە رای زۆربەی ئەو کەسانە بگۆڕدرێت کە هاوسۆز بوون لەگەڵ گۆرانییەکە. لەکاتێکدا ئەو تێکستە دژی دابەش بوونی عێراقە و بوونی سەربەخۆیی کوردستان بە کارێکی ناڕەوا و پلانی زلهێزان دەزانێت. ئەگەر شیکاری بۆ کۆی تێکستەکە بکەیت لەو شوێنەی باسی عێراق و کوردستان دەکات، بە دیاریکراوی مەبەستی قەوارەی هەرێمی کوردستانی عێراقە، کە بە هۆکاری جەنگی کەنداو و لەناوبردنی رژێمی سەدامەوە دروستبووە، ئەمەش بەیەکێکی دیکە لە هەوڵە دابەشکارییەکانی وڵاتانی زلهێزی دەزانێت کە لە تەواوی گۆرانییەکەدا جەختی لێدەکاتەوە.

گۆرانی: "Plus rien ne m'étonne" (چیتر هیچ شتێک سەرسامم ناکات)

ئیتر هیچ شتێک سەرسامم ناکات

ئەوان جیهانیان بەش بەش کرد

ئیتر هیچ شتێک سەرسامم ناکات

ئیتر هیچ شتێک سەرسامم ناکات

هیچ شتێک ئیتر سەرسامم ناکات

ئەوان جیهانیان بەش بەش کرد

ئیتر هیچ شتێک سەرسامم ناکات

ئیتر هیچ شتێک سەرسامم ناکات

ئیتر هیچ شتێک سەرسامم ناکات

ئەگەر چیچانم بۆ جێبهێڵیت

ئەرمینیات بۆ جێدەهێڵم

ئەگەر ئەفغانستانم بۆ جێبهێڵیت

من پاکستانت بۆ جێدەهێڵم

ئەگەر هایتی بەجێنەهێڵیت

دەتبەم بۆ بانگی

(ئەگەر یارمەتیم بدەن بۆ بۆردومانکردنی عێراق

کوردستان یەکلایی دەکەمەوە)

ئەوان جیهانیان بەش بەش کرد

ئیتر هیچ شتێک سەرسامم ناکات

ئیتر هیچ شتێک سەرسامم ناکات

ئیتر هیچ شتێک سەرسامم ناکات

ئەگەر یۆرانیۆمەکەم بۆ بەجێبهێڵیت

ئەلەمنیۆمەکەت بۆ بەجێدەهێڵم

ئەگەر وەبەرهێنانەکانی خۆتم بۆ بەجێبهێڵیت

من یارمەتیت دەدەم لە راوەدوونانی تاڵیبان

ئەگەر گەنمێکی زۆرم پێ بدەیت

من لە تەنیشت تۆ شەڕ دەکەم

ئەگەر رێگەم بدەیت زێڕەکەت دەربهێنم

من یارمەتیت دەدەم لە ژەنەراڵەکە رزگارت بێت

ئەوان جیهانیان بەش بەش کرد

ئیتر هیچ شتێک سەرسامم ناکات

ئیتر هیچ شتێک سەرسامم ناکات

ئیتر هیچ شتێک سەرسامم ناکات

ئەوان بەبێ ئەوەی راوێژ بە ئێمە بکەن، ئەفریقایان بەش بەش کرد

سەریان سوڕماوە کە ئێمە دابەش بووین

بەشێک لە ئیمپراتۆریەتی ماندینگۆ لەگەڵ وۆڵۆفەکان کۆتایی هات

بەشێک لە ئیمپراتۆریەتی مۆسی لە گانا کۆتایی هات

بەشێک لە ئیمپراتۆریەتی سۆسۆ لە ئیمپراتۆریەتی ماندینگۆ کۆتایی هات

بەشێک لە ئیمپراتۆریەتی مەندینگۆ بە مۆسی کۆتایی هات

ئەوان بەبێ ئەوەی راوێژ بە ئێمە بکەن، ئەفریقایان بەش بەش کرد

بەبێ ئەوەی پرسیارمان لێبکات، ئەی من!، بەبێ ئەوەی ئاگادارمان بکاتەوە

ئەوان جیهانیان بەش بەش کرد

ئیتر هیچ شتێک سەرسامم ناکات

ئیتر هیچ شتێک سەرسامم ناکات

ئیتر هیچ شتێک سەرسامم ناکات

https://www.youtube.com/watch?v=fFoThCFlD3c
loading....