ناسا دەیەوێت لە نزیک خۆر ریکۆردێکی نوێ تۆماربکات

کەشتیی ئاسمانیی پشکنەری پارکەر، فۆتۆ: AP

ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکی ناسا، پلانی هەیە، ئێوارەی ئەمڕۆ، 24ـی کانوونی یەکەمی 2024، کەشتیی ئاسمانیی پشکنەری پارکەر، بنێرێتە نزیکترین خاڵ لە خۆر و مێژوویەکی نوێ تۆماربکات.

کەشتیی ئاسمانیی پشکنەری پارکەر، لە ساڵی 2018ـەوە، بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەستێرەکە، لەلایەن ئاژانسی ناساوە هەڵدرا و تاوەکو ئێستا 21 جار بە دەوری خۆردا سوڕاوەتەوە، بەڵام سوڕانەوەى ئەمجارەی پارکەر، لە ئێوارەی جەژنی کریسمسدا، ریکۆردێکی نوێ تۆماردەکات.

کەشتییە پشکنەرەکە 3.8 ملیۆن کیلۆمەتر دوور لە رووی ئەستێرەکەوە تێپەڕدەبێت، کە نزیکترین خاڵە تاوەکو ئێستا کەشتییەکی ئاسمانیی پێیگەیشتبێت و دەبێت بەرگەی گەرمیی هەزار و 400 پلەی سیلیزی و تیشکدانەوەی بەهێزی خۆر بگرێت.

کەشتییەکە بەهۆی نزیکبوونەوەی لە خۆرەوە بۆ ماوەی چەند رۆژێک هیچ ئاماژەیەک نانێرێتەوە بۆ زەوی و دواتر زانایان لە 27ـی کانوونی یەکەم، چاوەڕوانی ئاماژەی کەشتییەکە دەکەن تاوەکو بزانن بە سەرکەوتوویی گەشتەکەی ئەنجامداوە یاخود نا.