برایانی لومیەر و راستیی رۆژی نێودەوڵەتیی سینەما

لە ئاستی ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان و کۆمەڵگە هونەرییە جیاوازەکان، رێکەوتی 28ی کانوونی یەکەم، وەکو رۆژی نێودەوڵەتیی سینەما هەژمارکراوە، ئەمەش لەکاتێکدایە دیاریکردنی ئەم رۆژە، لە سایەی یەکێک لە گەورەترین هەنگاوەکانە بۆ لەدایکبوونی سینەما.
رێکەوتی 28ی کانوونی یەکەمی 1895، برایانی لومیەر، کە یەکێکن لە دیارترین کەسایەتییەکانی بواری تۆمارکردنی وێنەی جووڵاو و بە باوکی سینەمای سەرەتایی دادەنرێن، لە شاری پاریس، بۆ یەکەمجار کورتە فیلمێکی خۆیان بۆ جەماوەر نمایشکرد.

برایانی لومیەر، لەم رۆژەدا، لەڕێگەی 10 کورتە فیلمی جیاوازی ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە، سەرنجی بینەرانیان راکێشا، لە دیارترینیان کورتەفیلمی "The Arrival of a Train at La Ciotat Station"، کە لە سەردەمی خۆیدا، بە داهێنانێکی ناوازەی ڤیدیۆگرافیی هەژمارکراوە و بینەران بۆ یەکەمجار وەها هەستیان کردووە شەمەندەفەرەکە لە دیمەنەکەدا دێتە دەرەوە و لێی ترساون.
ماوەی هەریەکێک لەم فیلمانە 50 چرکە بووە و ئەو پەپکەیەی لەسەری تۆمارکراوە درێژییەکەی 17 مەتر بووە، لەم رێکەوتەوە نمایشکردنی گشتیی گرتەی وێنە جووڵاوەکان دەستیپێکردووە و بە یەکێک لە گەورەترین هەنگاوەکان دادەنرێت بۆ دروستبوونی سینەما لەچوارچێوەی میدیای گشتییدا.

لە سایەی ئەم هەوڵەی برایانی لومیەرە، کە بەشێک لە وڵاتانی جیهان، ئێستا رێکەوتی 28ی کانوونی یەکەم، ئاهەنگ بۆ نمایشکردنی وێنەی جووڵاو دەگێڕن و رۆژەکەیان وەکو رۆژی نێودەوڵەتیی سینەما دیاریکردووە.