ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات، دوای تەواوكردنی قۆناغی سێیەمی سەرژمێریی دانیشتووان و راگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەکان، سەرژمێرییەكە دەبێتە بنەمای دیاریكردنی بودجەی ساڵی 2026 و ساڵانی دواتر.
کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـی رایگەیاند، " ناتوانین لەسەر بنەمای دەرئەنجامی سەرژمێریی دانیشتوانی 2024 بۆ بودجەی 2025 پشكی هەرێمی كوردستان بكەین بە %14 و سەرژمێرییەكە دەبێتە بنەمای دیاریكردنی بودجەی ساڵی 2026 و ساڵانی دواتر ".
کێشەی هەرێمی کوردستان و بەغداد لەسەر بەشە بودجە لە ساڵی 2018 زیاتر قوڵبووەوە، یەکەم ساڵ بوو دەست بۆ کەمکردنەوەی پشکی هەرێمى کوردستان لە یاسای بودجەدا برا، بەشێوەیەک کە لە یاساکەدا داوا کراوە ژمارەی دانیشتووان بکرێتە پێوەر و بۆ ئەو مەبەستەش پشت بە داتای وەزارەتەکانی پلاندانان و بازرگانی بەسترا و داتاکانی ناو کۆبۆنی بەشەخۆراک کرا بە پێوەر، بەگوێرەى ئەو داتایانەش، پشکی هەرێمى کوردستان لە 17%ـەوە بۆ 12.67% کەمکرایەوە.