تەندروستیی ئێران: ساڵی رابردوو 40 هەزار کەس لە ئێران بە هەوای پیس مردوون

کەناڵ8- سلێمانی
بریکاری وەزیری تەندروستیی ئێران ئەمساڵ 40 هەزار کەس لەو وڵاتە بەهۆی پیسبوونی هەواوە مردوون و لەچاو ساڵی رابردوو مردن بە هەوای پیس لە ئێران بە رێژەی 12 لە سەد زیادیکردووە.
د. عەلیڕەزا رەئیسی، بریکاری وەزیری تەندروستیی ئێران، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئیسنای ئێرانی، کە دێسکی تەندروستیی کەناڵ8 بەدواداچوونی بۆ کردووە، گوتوویەتی "زۆرینەی ئەوانەی بە پیسبوونی هەوا مردوون، بەهۆی توشبوونیان بووە بە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن، جەڵتەی دڵ و مێشک، گیرانی بۆرییەکانی هەناسە و شێرپەنجە".
بەرپرسە ئێرانییەکە دەڵێت بەپێی خەمڵاندنەکان بەهۆی پیسبوونی هەواوە ئێران ساڵانە 12 ملیار دۆلار زیانی بەردەکەوێت بەهۆی نەخۆشکەوتنی هاووڵاتییانییەوە و ئەگەر داخستنی فەرمانگەکان بەهۆی پیسبوونی هەواش هەژماربکرێت، ئەوە زیانەکە زۆر زیاتردەبێت.
رەئیسی گوتووشیەتی کە لە ئێران رێژەی سەردانکەرانی بەشەکانی فریاکەوتن بەهۆی نەخۆشییەکانی هەناسەوە بە رێژەی 20 لە سەد زیادیکردووە "بە سەرنجدان لەوەی رێژەی کەسانی بەتەمەن لە ئێران روو لە زیادبوونە و کەسانی بەتەمەنیش زیاتر دەکەونە ژێر مەترسیی پیسبوونی هەوا، دەبێت لە ئێستاوە کاربکەین بۆ رێگری لە کێشەی پیسبوونی هەوای وڵاتەکەمان".
لەبارەی هۆکارەکانی پیسبوونی هەواوە، ئاماژەی بە دوو هۆکاری سەرەکی کردووە، ئەوانیش: پیسبوون بەهۆی گەرد و تەنۆلکە وردەکانی تێکەڵبوو بە هەوا، هەروەها پیسبوونی کیمیایی بەهۆی دەردراوی زیانبەخشی کارگەکان بۆ ناو هەوا.
پیسبوونی هەوا گرفتێکی سەرەکییە لە ئێران بە گشتی و شاری تاران بە تایبەتی، کە لە ریزبەندی پیسترین هەوای شارەکانی جیهاندایە.