لە ئەمڕۆوە بەنزینى پاڵپشتیکراوى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە نرخى 750 دینار بۆ هەر لیترێک لە شەش بەنزینخانەى سلێمانى دابەش دەکرێت، نرخى بەنزینى بارزگانیش بۆ هەر لیترێک 25 دینار دابەزى.
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیى نەوت و کانزاکانى سلێمانى بە کەناڵ8ـی راگەیاند، لە ئەمڕۆوە لە بەنزینخانەکانى کۆکار، هەڵەبجە، پێشەوا، دایک، کازیوە و تاسڵوجە، لە شارى سلێمانى بەنزینى 750 دینارى دابەش دەکرێت.
پێشتریش بەهمەن قادر، گوتەبێژى بەنزینخانەکانى سلێمانى بۆ کەناڵ8 گوتى، "نرخى بەنزین بۆ هەر سێ جۆرەکەى نۆرماڵ، موحەسەن و سوپەر بۆ هەر لیترێک 25 دینار کەمکراوەتەوە، هۆکارەکەشى زۆرى بەنزین و کەمبوونەوەى خواستە".
لە سلێمانى یەک لیتر بەنزینى نۆرماڵ لە 950 دینار بۆ 925 دینار، موحەسەن لە 1,150 بۆ 1,125 دینار و سوپەر لە 1,300 بۆ 1,275 کەمبووەتەوە.
یەک ملیۆن و 800 هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان بە بەنزین کاردەکەن، کە رۆژانە پێویستیان بە حەوت ملیۆن لیتر بەنزین هەیە.
لە هەرێمی کوردستان جگە لە بەنزینی بازرگانی، حکومەت بەنزینى 750 دینارى بۆ ژمارەیەک لە بەنزینخانەکان دابیندەکات، بەڵام ماوەیەکە دابینکردنى ئەو بەنزینە بۆ سلێمانى راگیراوە.
بەشێك لە شۆفێران گلەیی لە كوالێتی ئەو بەنزینە دەكەن، هەر بۆیە زۆربەیان پشت بەو جۆرە نابەستن و پەنا دەبەنەبەر بەکارهێنانى بەنزینى بازرگانى.