سیستمی بەرگریی منداڵ چۆن بەهێزدەبێت؟ پسپۆڕێک وەڵامدەداتەوە

لە وەرزی بڵاوبوونەوەی پەتاکانداین و منداڵانیش ئەگەریان زیاترە تووشی پەتا وەرزییەکان ببن. پەتا و هەوکردنەکان بەگشتی بەهۆی میکرۆبەوە روودەدەن و خۆپاستنی تەواو لێیان ئەستەمە، بەڵام سیستمی بەرگریی جەستە رووبەڕووی میکرۆبەکان دەبێتەوە بۆ هەوکردنەکانی ئایندە بیری میکرۆبەکەی بیردەمێنێت و باشتر رووبەڕووی دەبێتەوە.
منداڵان بەهۆی ئەوەی بەرکەوتنیان لەگەڵ میکرۆبەکاندا نەبووە، سیستمی بەرگرییان لاوازترە. پسپۆڕان دەڵێن لەکاتی لەدایکبووندا سیستمی بەرگریی منداڵ وەکو پەڕەیەکی سپی وایە و بەهۆی ئەوەی تووشی هیچ هەوکردنێک نەبووە، هێز و خانەی بەرگریی پێویستی بۆ رووبەڕووبوونەوەیان نییە.
د. محەمەد ئەمین بارام، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵ، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8 باسی لە سیستمی بەرگریی منداڵ کرد و گوتی "هەر تەنێک یان میکرۆبێک دێتە جەستەی منداڵەوە لەلایەن سیستمی بەرگریی منداڵەکەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت و بەرگریی بۆ دروستدەکات".
لەسەرەتای تەمەندا، سیستمی بەرگریی جەستە گەشەدەکات و فێری جیاکردنەوەی ماددە زیانبەخشەکان لە بێزیانەکان دەبێت، بۆیە بەرکەوتنی سەرەتایی پێویستە بۆ ئەوەی بەرگریی لەش بەتەواوی پێگەیشتووبێت. لەکاتی نەبوونی بەرکەوتنیدا بە میکرۆب و ماددە جیاوازەکان، دەکرێت بەرگریی جەستە زۆر هەستیار بێت، هەروەها مەترسیی هەندێک نەخۆشیی وەکوو رەبۆ، هەستیاری یاخود نەخۆشییە دژەخۆییەکان دروستدەکات.
لەوانەیە ئەوەمان بیستبێت کە ئەو منداڵانەی لەناو قوڕ و خۆڵدا یاریدەکەن سیستمی بەرگرییان بەهێزترە، پسپۆڕەکەی نەخۆشییەکانی منداڵان سەبارەت بەم بابەتە گوتی: بەهێزکردنی بەرگریی منداڵ بە چوونە ناو قوڕ نابێت و ئەمە کارێکی ناتەندروستە، بەڵکو بۆ بەهێزکردنی منداڵ دەبێت دایکوباوک چەند خاڵێکی دیکە پەیڕەوبکەن:
- خۆراکی تەندروست
- وەرزشکردن
- خەوی پێویست
- وەرگرتنی کوتانەکان