راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران

test
لۆگۆی وەزارەتی دارایی عێراق

وەزارەتی دارایی عێراق بڵاویکردەوە، فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی سەرجەم رێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی فەرمانبەرانی تەواوکردووە.

وەزارەتی دارایی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لەلایەن فەرمانگەی ژمێریارییەوە سەرجەم رێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی تەواوی فەرمانگە و پارێزگاکان بەگوێرەی خشتە تەواوکراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، تەمویلکردنی مووچەی ئەم مانگە کۆمەڵێک رێکاری تەکنیکی و ژمێریاری تێدابووە بەتایبەت وردبینیکردنی تەرازوی پێداچوونەوە (میزان مراجعە) کە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ساڵدا ئەنجام دەدرێت بۆ دڵنیابوون لە وردبینییە داراییەکان.

وەزارەتی دارایی عێراق باسی لەوەشکردووە، "رێوشوێنی گرنگ دەگرینەبەر بۆ تەمویلکردنی مووچەی فەرمانبەران بە خێرایی و دڵنیابوونەوە لەوەی تەواوی فەرمانبەران شایستە داراییەکانیان وەردەگرن".

ئەوەشی خستووەتە روو، داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکەن بەرپرسیاربن لەو زانیارییانەی بڵاویدەکەنەوە و پشت ببەستن بە سەرچاوە فەرمییەکان بۆ گواستنەوەی هەواڵەکان.

راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی تەواوکردنی رێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی یەکەم لەکاتێکدایە، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمیان وەرنەگرتووە و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو پارەیەی لەبەردەستدایە بۆ دابەشکردنی مووچە بەش ناکات و چاوەڕێن بەغداد ئەو کورتهێنانەی هەیە پڕی بکاتەوە.

31/12/2024
loading....