زێلێنسکی: هەوڵدەدەین لە ساڵی نوێدا هێرشی رووسیا رابگرین

سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی هەوڵدەدات لە ساڵی 2025ـدا رووسیا رابگرێت و کۆتایی بە جەنگ بهێنێت.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە گوتارێکدا بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە، هیوای خواست ساڵی ئۆکرانیا بێت و ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان دەزانن ئاشتی وەکو دیاری پێیان نادرێت، بەڵام هەرچییەکیان لە توانادا بێت بۆ وەستاندنی رووسیا و کۆتاییهێنانی شەڕ دەیکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە لەسەر وڵاتەکەی لە ساڵی 2025 لە مەیدانی جەنگ بەردەوامبێت، کە بۆ چنینەوەی دەستکەوتەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ بەرهەمیان دەبێت، ئەوەش لەپێناو کۆتاییهێنان بە هێرشی رووسیا کە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە.
شارەزایان بۆچوونیانوایە، جەنگەکە لە ساڵی 2024 لە بەرژەوەندی رووسیا کۆتاییهات، کە لەماوەی ئەو ساڵەدا توانی کۆنترۆڵی نزیکەی دوو هەزار و 800 کیلۆمەتر چوارگۆشە بکات، بە تایبەتی لە ناوچەی دۆنێتسک لە باشوری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.
کیێڤ لەم چەند ساڵەدا لە ئازادکردنی خاکەکەی تەنانەت لە هێرشی پێچەوانە شکستی هێنا، سەرباری ئەوەی فڕۆکەی ئێف 16ـی ئەمریکی بەدەست گەیشتووە و درۆنی هێرشبەری بەکارهێناوە، هەروەها گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکراوە کە قوڵایی خاکی رووسیا بە موشەکی دوورمەودای رۆژئاوایی بکاتە ئامانج.