بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناری لامپێدوسای ئیتاڵیا نوقمبوو

test
وێنەیەکى ئەرشیفى نقوومبوونى بەلەمێک لە کەناراوەکانى سەنیگال. فۆتۆ: گوگڵ

بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک دوورگەی لامپێدوسای ئيتاڵيا نوقمبوو، بەهۆیەوە 20 کۆچبەر بێسەروشوێن بوون و حەوت کۆچبەری دیکەش رزگارکران، کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵی سوورییە.

ئاژانسى ئانساى ئیتاڵیا بڵاویکردەوە، بەلەمەکە لە لیبیاوە بەرەو ئيتاڵيا رۆیشتووە، ئەو حەوت کەسەی رزگارییان بووە، سووری و سودانی و میسری بوون و پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا بەدوای بێسەروشوێنبووەکاندا دەگەڕێن کە پێنج ژن و سێ منداڵییان تێدایە.

بەگوێرەى زانیارییەکانى پاسەوانى کەناراوەکانى ئیتاڵیا، یەکێک لە کۆچبەرە رزگاربووەکان، منداڵێکى تەمەن هەشت ساڵى سوورییە، بەڵام تاوەکو ئێستا دایکى بێسەروشوێنە و منداڵەکە لەلایەن خزمێکییەوە رزگارکراوە، لەکاتێکدا ویستوویانە بچنە لای باوکى لە ئەڵمانیا.

فیلیپۆ مانینۆ، سەرۆکی شارەوانیی لامپێدوسا رايگەياندووە "نوقمبوونی بەلەمەکە هاوکاتە لەگەڵ سەری ساڵی نوێدا و هیوادارم ئەم کارەساتە دوا کارەسات بێت".

لە ساڵی 2024دا زیاتر لە دوو هەزار کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە دەریای ناوەڕاست کە کوشندەترین رێڕەوی کۆچکردنە لە جیهاندا، خنکاون یان بێسەروشوێن بوون.

loading....