لە هێرشەكەی نیو ئۆرلینزی ئەمریكا 10 كەس كوژراون و 35ـی دیكە بریندارن

test
شوێنی هێرشەكەی نیو ئۆرلینز. فۆتۆ: AFP

نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا "ئێف بی ئای"، هێرشەکەی شاری نیو ئۆرلینزی بە تیرۆرستی ناساند، کە بەهۆیەوە 10 کەس کوژران و زیاتر لە 35 کەس برینداربوون.

ئێف بی ئای رایگەیاندووە، هێرشبەرەکە پاش روبەڕووبوونەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە، "ئاڵای داعش"یان لە ئۆتۆمبێلی هێرشبەرەکەدا دۆزیوەتەوە، دواتریش لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، هێرشبەرەکە بە تەنیا نەبووە و دوو بۆمبی چێنراوی دیکەیان لە هەمان شار دۆزیوەتەوە و توانیویانە پوچەڵیان بکەنەوە.

میدیاکانی ئەمریکا لە زاری سەرچاوەکان لە پۆلیسەوە گواستویانەتەوە، هێرشبەرەکە ناوی 'شەمسەدین جەبار'ـە و تەمەنی 42 ساڵە، بەڵام هێشتا وردەکاریی زیاتر لەسەر ناسنامە و پاڵنەری پشت هێرشەکە ئاشکرا نەکراوە.

پۆلیسی ناوچەکە رایگەیاند، رووداوەکە نزیکەی کاتژمێر 3:15 خولەکی بەیانی بەکاتی ناوخۆیی لە ناوەندی گەڕەکی بەناوبانگی فەڕەنسی شارەکە روویداوە، هێرشبەرەکە ئۆتۆمبێلێکی جۆری "پیکاب"ـی بەخێراییەکی زۆر بەناو ئاپۆڕای خەڵکەکەدا کردووە و ئەو کوشتارەی لێکەوتووەتەوە.

هاوكات کۆشکی سپی رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا پەیوەندی بە شارەوانیی نیو ئۆرلینزەوە کردووە بە مەبەستی پیشاندانی پشتگیری، بایدن لە راگەیەندراوێکدا گوتی، هیچ پاساوێک بۆ توندوتیژی نییە و بەهیچ شێوەیەک ئەو هێرشە خوێناوییە قبوڵکراو نییە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، هێرشەکەی بە کۆچبەری نایاساییەوە گرێدا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، "کاتێک گوتم ئەو تاوانبارانەی دێنە ناو وڵاتەکەمانەوە زۆر خراپترن لەوانەی لە وڵاتدا هەمانە، ئەوە راست دەرچوو".

loading....