بەریتانیا: لە 2024ـدا نزیکەى 37 هەزار کۆچبەر بە کەناڵی ئینگلیزدا پەڕیونەتەوە

لە ساڵی رابروودا نزیکەی 37 هەزار کۆچبەر لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیا، ئەو ژمارەیەش بەراورد بە ساڵی 2023 زیادیکردووە.
فەرمانگەی کۆچبەرانی بەریتانیا "هۆم ئۆفیس" لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێدا ئاماری کۆچبەرانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ساڵی 2024دا، 36 هەزار و 816 کۆچبەر بە بەلەمی بچووک لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیا.
ئەوە لە کاتێکدا لە ساڵی 2023ـدا 29 هەزار و 437 کۆچبەر و لە ساڵی 2022شدا 45 هەزار و 774 کۆچبەر بە کەناڵی ئینگلیزدا پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیا، ئەوەش دەریدەخات لە ساڵی 2024 ژمارەی چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە بەراورد بە ساڵی 2023 زیادیکردووە، بەڵام بەراورد بە ساڵی 2022 کەمیکردووە.
هەر بەگوێرەی ئامارەکانی فەرمانگەی کۆچبەرانی بەریتانیا، لە ساڵی 2018ـەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 150 هەزار کۆچبەر لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە بە شێوەیەکی نایاسایی گەیشتوونەتە بەریتانیا.
نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، ساڵی 2024 کوشندەترین ساڵ بووە بۆ کۆچبەران لەو کەناڵە ئاوییە، ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی فەڕەنسا دەریدەخەن، لەو ساڵەدا 77 کۆچبەر لە هەوڵی پەڕینەوەدا گیانیان لەدەستداوە.
پلانێکی حکومەتی پێشووى بەریتانیا بۆ ناردنی ئەو کۆچبەرانەی بەشێوەیەکی نایاسایی گەیشتوونەتە بەریتانیا بۆ رواندا، لەلایەن ئیدارەی نوێ بە سەرۆکایەتیی پارتی کرێکاران هەڵوەشێنرایەوە و حکومەتی بەریتانیا گرێبەستی ئەمنی لەگەڵ چەند وڵاتێک ئەنجامدا، لەنێویاندا حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەبوون، ئەوەش بە مەبەستی رێگریکردن لە تەوژمی کوچبەران و دەستگیرکردنی قاچاخچییەکان و رێگریکردن لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.