ئەگەر دەتەوێت ئەمساڵ خەوێکی ئارامبەخشت هەبێت گوێ لە رێنماییەکانی ئەم پسپۆڕە بگرە

test
د. هەژار عوسمان، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان


وەرگرتنی بڕی پێویستی یارمەتی باشتربوونی توانای هزری، سەرنجدان، بەرهەمداری و  ئاستی خوێندن دەدات. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە کەمخەوی هۆکارە بۆ نەخۆشییە جەستەیی و دەروونییەکان، بۆ نموونە نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرە، خەمۆکی و دڵەڕاوکێ، هەروەها کەمخەوی دەبێتەهۆی دابەزینی ئاستی خوێندن و یادگە و کەمبوونەوەی توانای چارەسەرکردنی کێشەکان لە گەنجان و منداڵاندا.

کەمخەوی، گرفتێکە زۆرجار بە شێوەیەکی نەرێنی کار لەسەر تەندروستی و چالاکیی ڕۆژانە دەکات. بە نزیکەیی لە هەموو 10 کەسێکدا لە جیهاندا، یەک کەس کەمخەوی هەیە.

سێ شێوازی سەرەکیی کەمخەوی هەن: نەبوونی خەو بۆ ماوەی پێویست، خەولێنەکەوتن و زووزوو بەئاگاهاتنەوە. بۆ هەندێک کەس، کەمخەوی ئاساییە، بەڵام بۆ هەندێکی دیکە کێشەیەکی گەورەیە. سەرەڕای کاریگەریی کەمخەوی لەسەر تەندروستی، کار لەسەر پیشە و پەیوەندییەکانیش دەکات.

بەهۆی گۆڕانکاری لە شێوازی ژیاندا، کەمخەوی بووە بە گرفتێکی باو و پسپۆڕان هۆشداری لەبارەی زیادبوونی گرفتە دەروونییەکان و نەخۆشییە نەگوازراوەکان دەدەن. هەرچەندە ماوەی خەوتن لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەبێت کەسانی پێگەیشتوو شەوانە لانیکەم 7 کاتژمێر بخەون.

د. هەژار عوسمان، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8 باسی لە چەند هەنگاوێک بۆ رێککردنەوەی خەو و وەرگرتنی خەوی پێویست کرد.

سەرەتا پسپۆڕەکە گوتی دەبێت شەوانە لە هەموو ئەو بەرهەمانە بەدووربین کە کافاینیان تێدایە، لەوانەش چا و قاوە، چوکلێت و ئەو شیرینییانەی لەم بەرهەمانە دروستدەکرێن.

وەکو پسپۆڕە دەروونییەکە ئاماژەی پێدا، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی کەمخەوی خەوتنە بە رۆژدا؛ "ئەگەر بکرێت هەر بە رۆژدا نەخەوین و کاتێکیش خەومان زۆر هات و ناچاربووین، پێویستە خەوەکەمان لە 30 خولەک کەمتر بێت".

د. هەژار دەڵێت چالاکییە جەستەییەکان بە رۆژدا رۆڵێکی سەرەکییان لە خەوێکی تەندروستدا هەیە، بۆیە دەبێت گرنگی بە وەرزشکردن بدرێت و بە رۆژدا تاوەکو بتوانین لەڕووی جەستەییەوە خۆمان ماندوو بکەین.

ئەگەر بکرێت هەر بە رۆژدا نەخەوین و کاتێکیش خەومان زۆر هات و ناچاربووین، پێویستە خەوەکەمان لە 30 خولەک کەمتر بێت

د. هەژار عوسمان، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان

خەوتن لە کاتێکی دیاریکراودا بۆ هەموو شەوێک یەکێکی دیکەیە لە هەنگاوەکانی باشکردنی خەو، پسپۆڕەکە دەڵێت "هەڵەیە شەوێک کاتژمێر 11 بخەویت و شەوێکی دیکە کاتژمێر 1 بخەویت، ئەگەر وابکەیت مێشك سەری لێ تێکدەچێت".

خواردن کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر خەوتنیش هەیە، د. هەژار دەڵێت بۆ خەوێکی قووڵ و تەندروست نابێت زۆرخۆری بکەین، هەروەها دەبێت ژەمی ئێواران لە سووکترین ژەمەکان بێت.

لە درێژەی قسەکانیدا، پسپۆڕە دەروونییەکە ئامەژەی بە خواردنەوەی کحول کرد کە هەندێک کەس بۆ یارمەتیدانی خەوتن بەکاریدەهێنن؛ "دەکرێت لە هەفتەی سەرەتادا خواردنەوەی کحول وابکات کەسەکە ئاسان خەوی لێبکەوێت، بەڵام لە مەودایەکی درێژخایەندا هۆکارە بۆ تێکدانی خەو و چەندین گرفتی تەندروستیی دیکە".