سایبەرترەک؛ چی لەبارەی ئەو ئۆتۆمبێلەوە دەزانیت كە لەبەردەم هۆتێل ترەمپ تەقییەوە؟

ئەو ئۆتۆمبێلەی لەبەردەم هۆتێل ترەمپ تەقییەوە ئۆتۆمبێلێکی گولــلەنەبڕی تەواو کارەبایی کۆمپانیای تێسلایە.
پۆلیسی ئەمریکا دەڵێت، ئۆتۆمبێلێکی جۆری تێسلا سایبەرترەک لە بەردەم هۆتێلەکەی ترەمپ لە لاس ڤێگاسی ئەمریکا تەقیوەتەوە.
پۆلیس راشیگەیاندووە، ئۆتۆمبێلەکە لەبەردەم دەرگای چوونە ژوورەوەی هۆتێلەکەدا راگیرابوو و لە دوای بەرزبوونەوەی دووکەڵ لە ئۆتۆمبێلەکە، تەقیوەتەوە و بەوهۆیەوە شۆفێرەكەی گیانیلەدەستداوە و حەوت کەسی دیکەش بە سووکی برینداربوون.
پۆلیس دەشڵێت، سایبەرترەکەکە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە و دوو کاتژمێر پێش ئەوەی بتەقێتەوە لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ بەکرێگیراوە.

تێسلا سایبەرتراک
ئۆتۆمبێلی تێسلا سایبەرترەک ئۆتۆمبێلێکی تەواو کارەباییە و لەلایەن کۆمپانیای تێسلاوە لە شێوەی پیکاب دروستکراوە.
ئەو ئۆتۆمبێلەی تەقیوەتەوە مۆدێلی 2024 بووە.
ئۆتۆمبێلەکە سێ مۆدێلی بە تایبەتمەندیی جیاجیا و هێزی جیاجیاوە هەیە.
ئۆتۆمبێلەکە بە خێرایی بارگاوی دەکرێت و بە هەر بارگاویکردنێک 800 کیلۆمەتر دەڕوات.
بە یەکێک لە تۆکمەترین ئۆتۆمبێلەکانی جیهان دەناسرێت.
رووکاری دەرەوە و پلێتی ئۆتۆمبێلەکە لە پۆڵا و ئەلەمنیۆم دروستکراوە و بەرگەی بەرکەوتنی بەهێز دەگرێت و تەنانەت گولــلەی ئاسایی 9 ملیم توانای بڕینی پلێتی ئۆتۆمبێلەکەی نییە.
سایبر ترەکەکەی تێسلا جۆرێکیان یەک مەکینەیان هەیە و جۆرێکی دیکەیان دوو مەکینە و جۆرێکی دیکەیان سێ مەکینەی هەیە، هەڵمەتی ئۆتۆمبێلەکە لە ئاستێکی بەرزدایە و هەم شێوەی دەبڵ ئەکسل و هەم جۆری ئاسایی هەیە.
جۆری یەک مەکینەیەکەی لە ماوەی 6.7 چرکەدا خێراییەکەی دەگاتە 100 کیلۆمەتر و دەتوانێت بە خێرایی 177 کیلۆمەتر رێبکات و توانای هەڵگرتنی سێ هەزار و 400 کیلۆگرام باری هەیە.
جۆری دوو مەکینەییەکەی دەتوانێت لە ماوەی 4.3 چرکەدا خێراییەکەی بگەیەنێتە سەروو 100 کیلۆمەتر و دەتوانێت بە خێرایی 193 کیلۆمەتر رێبکات و توانای هەڵگرتنی چوار هەزار و 500 کیلۆگرام باری هەیە.
سایبەرترەکی جۆری سێ مەکینەییەکە دەتوانێت لە ماوەی 2.6 چرکدا خێراییەکەی بگەیەنێتە 100 کیلۆمەتر و بە خێرایی 209 کیلۆمتر رێ بکات و توانای هەڵگرتنی شەش هەزار و 350 کیلۆگرام باری هەیە.
بەرزی ئۆتۆمبێلەکە لەسەر زەوییەوە 40 سانتیمەترە و ئەوەش وادەکات بنەکەی بە ئاسانی لە زەوی نەدات و بە شوێنە هەوراز و نشێوەکاندا بڕوات.

نرخی ئۆتۆمبێلەکە بۆ ساڵی 2025 لە 82 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات.
ئیلۆن مەسک سەرۆکی کۆمپانیای تێسلا رایگەیاندبوو، ئۆتۆمبێلەکەی بۆ رکابەری لەگەڵ فۆردی جۆری ئێف دروستکردووە.
فۆردی جۆری ئێف، کە جۆرێکە لە ئۆتۆمبێلی پیکاب، زۆرترین فرۆشی لە ئەمریکا هەیە.

ئیلۆن مەسک رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکە دەکەن و سوپاسی پۆلیسيشی کردووە بۆ دەستکردنیان بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە.
سەرۆکی پۆلیسی لاس ڤێگاس لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، پشتی بارهەڵگرەکە بەنزین و دەبەی سووتەمەنی و یاریی ئاگرینی تێدابووە و ئەمانە هۆکاری تەقینەوەکە بوون هەرچەندە بەهێزی سایبەرترەکەکەی تێسلا زیانەکانی کەمکردووەتەوە.
