یاداشتى دەستبەسەرکردنى سەرۆکى کۆریاى باشوور دەستیپێکرد

دەسەڵاتدارانی کۆریای باشوور رايانگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی دەستیان بە جێبەجێکردنی یاداشتى دەستبەسەرکردنى یۆن سوک یۆل، سەرۆکی گۆشەگیرکراو کردووە، بەهۆی هەوڵە شکستخواردووەکەی مانگێک لەمەوبەرى بۆ سەپاندنی یاسای بارى لە ناکاو لە وڵاتدا.
ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپ رایگەیاندووە، ئەو لێکۆڵەرەوانەی چوونەتە ناو شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکایەتیی کۆمار، نەیانتوانیوە سەرۆکی گۆشەگیرکراو دەستگیربکەن، چونکە یەکەیەکی سەربازی لەناوەوە رووبەڕوویان بووەتەوە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تیمێک لە "نووسینگەى لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی بەرپرسانی باڵا"، بە تۆمەتی "یاخیبوون" بۆ لێکۆڵینەوە لە یۆن راسپێردراوە، چوونەتە ناو شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکایەتی، بەڵام "یەکەیەکی سەربازی لەناوەوە رووبەڕوویان بووەتەوە".
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، نووسینگەى لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی بەرپرسانی باڵا رایگەیاند کە "جێبەجێکردنی ئەو یاداشتى دەستبەسەرکردنەى لە دژی سەرۆک یۆن سوک یۆل دەرچووە دەستیپێکردووە".
بەگوێرەى گرتە ڤیدیۆییەکان، تیمێکی لێکۆڵەرانی نووسینگەکە، بە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی، پشتیوانی ئەمنی، چوونەتە ناو شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکایەتی کە دەکەوێتە ناوەندی پایتەختەوە، هەڵمەتەکە لە کاتێکدا بووە کە جەماوەرێکی زۆر لە لایەنگرانی یۆن بۆ پاراستنی یۆن لەبەردەم بارەگاکە کۆبوونەتەوە.
یۆن بە تۆمەتی "یاخیبوون" دادگایی دەکرێت، دوای ئەوەی مانگێک لەمەوبەر هەوڵی سەپاندنی بارى لەناکاو یاخود "حوکمى عورفى" لە وڵاتەکەدا.
پارێزەری سەرۆکی گۆشەگیرکراو رۆژی هەینی بە ئاژانسی فرانس پرێسى راگەیاند، ئەو لێکۆڵەرەوانەی ویستوویانە سەرۆک دەستگیر بکەن بەپێچەوانەی یاسا مامەڵەیان کردووە و بەڵێنیدا رێوشوێنی یاسایی بەرامبەریان بگرنەبەر.
پارێزەر یۆن کاب کیون، گوتی "جێبەجێکردنی یاداشتى دەستگیرکردنەکە، نایاسایی و نادروستەو پێچەوانەی یاسایە".
یۆن، هێشتا بە فەرمی سەرۆکی کۆمارە، چونکە بڕیاری گۆشەگیرکردنى کە لەلایەن پەرلەمانەوە دەرچووە هێشتا نەبووەتە کۆتایی، تاوەکو ئەو کاتەی دادگای دەستوری بڕیاری لەسەر دەدات و پەرلەمان سەرۆکى کاربەڕێکەر لە جێگەى دادەنێت.
ئەگەر یاداشتەکە جێبەجێ بکرێت، یۆن دەبێتە یەکەم سەرۆک لە مێژووی کۆریای باشووردا دەستگیر بکرێت.
شەوی 3 لەسەر 4ـى کانوونی دووەم، یۆن لەناکاو سەپاندنی بارى لەناکاوى راگەیاند، تەنیا شەش کاتژمێر دواتر لەژێر فشاری پەرلەمان و شەقامدا ناچار بوو بریارەکە هەڵبوەشێنێتەوە.