10ـی ئەم مانگە بڕیار لە دۆسیەیەکی دژی ترەمپ دەدرێت

دادوەرێکی دادگای نیویۆرک، 10ـی ئەم مانگەی وەک رۆژی دەرکردنی بڕیار لە دۆسیەی بێدەنگکردنی ئەکتەرێکی پۆڕن بەرامبەر بە پارە لە دژی دۆناڵد ترەمپ دیاریکرد و بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکاش، بڕیارەکە بە پێشێلکردنی پارێزبەندیی ترەمپ ناودەبات.
دادوەر خوان مێرشان رایگەیاندووە، لەگەڵ سەپاندنی سزای زیندانیکردندا نییە دژی ترەمپ، کە مانگی رابردوو بە 34 تۆمەت لەبارەى ساختەکردنی تۆمارە بازرگانییەکانی، بەمەبەستی شاردنەوەی پێدانی پارە بە ستۆرمی دانیاڵز، ئەکتەری پۆڕن ساڵی 2016 تۆمەتبار کرابوو.
ترەمپ تۆمەتبارە بەوەی لەپێناو بێدەنگکردنی ئەو ئەکتەرە و قسەنەکردنی لەسەر ئەنجامدانی پەیوەندیی لەگەڵیدا، پارەی پێداوە.
دادگاییکردنی ترەمپ لە رۆژی 10ـی ئەم مانگە، لەکاتێکدایە بڕیارە پاش 10 رۆژ لە بڕیاری دادگاکە، سوێندی یاسایی بخوات و وەک سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاردەبێت.
هاوکات ستیڤن چیونگ، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی داهاتووی ترەمپ رایگەیاندووە، دەرکردنی بڕیاری سزادانی ترەمپ، پێش 10 رۆژ لە دەستبەکاربوونی، پێشێلکردنی پارێزبەندیی سەرۆکی نوێی ئەمریکا و بڕیارەکانی دادگای باڵایە.