ئەو هاکەرەی هەزاران گۆرانیی تۆمارکراوی دزی دادگایی کرا

سکیلار دالزیل، ئەو خانمە هاکەرەی لە ماوەی رابردوودا توانی دەستی بگات بە پێگەی هەڵگرتنی گۆرانیی و بەرهەمە موزیکییەکانی سۆنی، لە دادگا بڕیار لەسەر دۆسیەکەی درا و بۆ ماوەی چەند مانگێک لە زینداندا دەمێنێتەوە.
دالزیل بەرپرسیارە لە دزینی سەدان گۆرانیی بڵاونەکراوەی دزراو، کە بەرهەمی چەندی هونەرمەند و گروپی جیاوازی موزیکیی رۆژئاوای لەخۆگرتووە، لەکاتی دەستگیرکردنیدا، دەستیان بەسەر سێ پەپکەی عەمبارکردنی دیجیتاڵیی گرتووە، کە بەنزیکەی 300 هەزار گۆرانی تاک و بەرهەمی موزیکیی لەخۆگرتووە، لەوانە بەرهەمەکانی: کۆڵد پلەی، بیبی رێکسا و شۆن مێندێز.

لایەنە پەیوەندیدارەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، دالزیل چەندین گۆرانی و بەرهەمی بڵاونەکراوەی لەسەر دارک وێب فرۆشتووە و توانیویەتی بەشێوەیەکی نایاسایی زیاتر لە 42 هەزار پاوەندی بەریتانی لەڕێگەی فرۆشتنەوەیانەوە بەدەستبهێنێت.

ئەم خانمە 22 ساڵە، بە تۆمەتی 11 پێشێلکردنی مافی خاوەندارێتی، بڕیارە بۆ ماوەی 21 مانگ لە زینداندا بمێنێتەوە و 24 مانگی دیکەش سڕ دەکرێت لە بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکان.
