ئەم رێجیمە بە باشترین رێجیمی 2025 هەڵبژێرراوە

test

ماڵپەڕی U.S. Newsـی ئەمریکی لیستی باشترین رێجیمەکانی جیهانی بڵاوکردووەتەوە و رێجیمی دەریای ناوەڕاست بۆ جارێکی دیکە پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە. ماڵپەڕەکە ساڵانە لیستی باشترین رێجیمەکان بڵاودەکاتەوە و بۆ دیاریکردنیان پشت بە پسپۆڕانی خۆراکزانی دەبەستێت.

رێجیمی دەریای ناوەڕاست، هەم رێجیمە و هەم شێوازی ژیانیشە، لە ساڵی 2019ـەوە لەلایەن راپۆرتی ماڵپەڕەکەوە بە باشترین رێجیم بۆ پاراستنی تەندروستی و تەمەندرێژی دادەنرێت.

ئەم رێجیمە دەوڵەمەندە بە پاقلەمەنییەکان، میوە، سەوزە، دانەوێڵەی سۆسدار و چەورییە تەندروستەکان. رێجیمەکە دەوڵەمەندە بە ماددە خۆراکییە جۆراوجۆرەکان و ئەو کەسانەش کە پەیڕەویدەکەن، ئاسانتر پێوەی پابەند دەبن، چونکە هەڵبژاردنەکانی بەردەستیان زۆرن.

پاش رێجیمی دەریای ناوەڕاست، رێجیمی داش(کورتکراوەی هەنگاوە خۆراکییەکان بۆ رێگریکردن لە بەرزەفشاری خوێن) و رێجیمی فلێکسیتاریان(رێجیمێکی رووەکییە بەڵام جاروبار و بەپێی حەزی کەسەکە دەکرێت گۆشتی سوور و پەلەوەر بخورێت).

بەگوێرەی بڵاوکراوەکانی ماڵپەڕەکە، رێجیمەکان تەنیا بۆ کێشدابەزاندن نین، بەڵکو هەموو ئەو ماددە خۆراکییە پێویستانەش دابیندەکەن کە جەستەمان پێویستی پێیانە. توێژینەوە پزیشکییەکان ئەوەیان دەرخەستووە کە ئەم جۆرە رێجیمانە مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ و جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە کەمدەکەنەوە.

ئەو خۆراکانە چین کە لەم رێجیمەدا بەکاردێن؟

ئەستەمە بەتەواوی ئەو خۆراکانە جیا بکرێنەوە کە تایبەتن بە رێجیمەکە، چونکە بەگوێرەی شوێنەکان خواردنەکان دەگۆڕێن، بەڵام بە گشتی ئەم سێ پایە سەرەکییە دەگرێتەوە:

  • زۆرخواردنی خۆراکە رووەکییەکان
  • کەمخواردنی گۆشت و بەرهەمە ئاژەڵییەکان
  • لانیکەم خواردنی ماسی یان خواردنە دەریاییەکان دووجار لە هەفتەیەکدا

دەتوانیت ئەم جۆرە خواردنانە بەکاربهێنیت:

  • سەوزەکان: تەماتە، خەیار، بڕۆکلی، کەلەرم، سپێناخ، پیاز، قەرنابیت، گێزەر، پەتاتە، توور
  • میوەکان: سێو، مۆز، پرتەقاڵ، هەرمێ، شلیک، ترێ، خورما، هەنجیر، کاڵەک، قۆخ
  • گوێز و چەرەسەکان: بادەم، گوێز، بندوق، گازۆ، ناوکی گوڵەبەڕۆژە، ناوکەکولەکە
  • پاقلەمەنییەکان: نیسک، نۆک، پاقلە، فاسۆلیای تەڕ و وشک، ماش
  • دانەوێڵە سۆسدارەکان: پەڕشە، جۆ، گەنمەشامی، نان یان پاستایەک کە بە ئاردی بۆر دروستکرابێت
  • ماسی و خواردنە دەریاییەکان: ماسی سالمۆن، وردەماسی، ماسی تونا، رۆبیان، گوێچکەماسی، قرژاڵ
  • گۆشتی باڵندە: مریشک، مراوی، قاز
  • هێلکە: هێلکەی مریشک، قاز و سوێسکە
  • شیرەمەنییەکان: پەنیر، ماست، شیر
  • گژوگیا و بەهاراتەکان: سیر، رێحانە، نەعنا، رۆزماری، دارچینی، بیبەر
  • چەورییە سوودبەخشەکان: زەیتی زەیتوونی سروشتی، زەیتوون، ئاڤۆکادۆ و رۆنەکەی
  • خواردنەوەکان: ئاو، چا و قاوەی بێ شەکر، شەربەتی سروشتیی فرێش