هۆکاری دواکەوتنی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی ئاشکرا بوو

پاش راوەستانی بۆ ماوەی چەند ساڵێک، بۆ جارێکی دیکە، فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی، دەگەڕێتەوە و ئامادەکاریی دەکرێت بۆ راگەیاندنی وادەی دەستپێکردنەوەکەی، هۆکاری دواکەوتنیشی لە کەناڵ8ـەوە ئاشکرا دەکرێت.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵ8، فوئاد جەلال، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی گوتی، "ئامادەکارییەکان دەستیانپێکردووە بۆ رێکخستنی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی بەمەبەستی راگەیاندنی وادەی دەستپێکی خولی پێنجەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی"، کە بڕیارە، بە تیمێکی نوێ چالاکییەکانی ئەنجامبدات.

بە گوتەی فوئاد جەلال، "هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی فێستیڤاڵەکە، دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سەرۆکی فێستیڤاڵ"، کە ماوەیەکە هیچ کەسایەتیی و لایەنێک سەرۆکایەتیی ناکات و بەمەبەستی دابینکردنی بودجە و تێچووەکانی فێستیڤاڵەکە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی بەردەوامن.
ئاماژە بەوەش دراوە؛ وەکو چۆن لە ساڵانی رابردوودا، فێستیڤاڵەکە بە بەشداریی میوان و هونەرمەندە ناوخۆیی و بیانییەکان چالاکییەکانی بەڕێوەچووە، بە هەمان ئامانج، ئامادەکارییەکان ئەنجامدەدرێن و فێستیڤاڵەکە دەستپێدەکاتەوە.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی، ساڵی 2016 دەستیپێکردووە، لە یەکەم خولیدا ماوەی چوار رۆژ بەردەوام بوو، پاشان لە خولەکانی داهاتوودا و تاوەکو خولی چوارەم، فێستیڤاڵەکە، بە بەشداریی هونەرمەندە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان ماوەی بەڕێوەچوونی چالاکییەکانی حەوت رۆژ بوون.