پسپۆڕێک: کوتان و پاراستنی تەندروستیی ژنان و منداڵان ژێرخانی تەندروستیی وڵاتان بەهێزدەکەن

test
د. شاهۆ عەبدولڕەحمان، پسپۆڕی تەندروستیی کۆمەڵگە

پاش زیاتر لە دەیەیەک جەنگ و پشێوی لە وڵاتەکەدا، کەرتی تەندروستیی سووریا پەکی کەوتووە و بەگوێرەی راپۆرتێکی نوێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئێستا 15 ملیۆن کەس لە سووریا پێویستیی بەپەلەیان بە چاودێریی تەندروستی هەیە.

ناوەندە تەندروستییەکانی سووریا بەهۆی جەنگەوە یان رووخاون یان بەکەڵکی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان نەماون، ئەو بڕە کەمەی ناوەندە تەندروستییەکانیش کە ماون زۆر زیاتر لە توانای خۆیان چارەخوازان دەبینن.

هەستانەوە و بنیادنانەوەی کەرتی تەندروستیی سووریا چەندین هەنگاوی گەورە و ئاڵۆز و هاریکاریی وڵاتانی دراوسێ و رێکخراوە تەندروستییە جیهانییەکانی پێویستە. بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەم بارەیەوە، کەناڵ8 میوانداریی د. شاهۆ عەبدولڕەحمانی کرد کە لە کۆلێجی پزیشکی مامۆستای زانکۆیە و هاوکات پسپۆڕی تەندروستیی کۆمەڵگەیە.

د. شاهۆ عەبدولڕەحمان گوتی، وڵاتەکە لە چەندین لایەنی تەندروستییەوە پەکی کەوتووە، لەوانەش لایەنی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان، تەندروستیی خانمان و منداڵان و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە نەگوازراوەکانیش.

سەبارەت بە گرنگیدان بە کۆنترۆڵکردنی هەریەک لە نەخۆشییەکان و پەرەپێدانی تەندروستیی گشتی لە وڵاتەکە، پسپۆڕەکە گوتی "دەبێت پلانی قۆناغ بە قۆناغ و بودجەی پێویست بۆ بەهێزکردنەوەی کەرتی تەندروستیی سووریا هەبن"

یەکەم هەنگاو کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکانە. پسپۆڕەکە گوتی دەبێت سەرەتا لە هەموو وڵاتدا رێنمایی سەبارەت بە خۆپاراستن لە نەخۆشییە گوازراوە باوەکان بڵاوبکرێتەوە، بۆ نموونە دەبێت گرنگی بە پاکوخاوێنی بدرێت و هاوبەشیی کار لەنێوان کەرتی تەندروستی و خزمەتگوزارییەکانی دیکەدا هەبێت.

حاڵەتێکی تۆمارکراوی ئیفلیجیی منداڵان بە واتای 200 حاڵەتی هەڵگری نەخۆشییەکە دێت

د. شاهۆ عەبدولڕەحمان، پسپۆڕی تەندروستیی کۆمەڵگە

یەکێکی دیکە لە هەنگاوە گرنگەکان بەهێزکردنی پرۆگرامی ڤاکسینەکانە. پسپۆڕەکەی تەندروستیی کۆمەڵگە گوتی: سەرەکیترین و مەترسیدارترین نەخۆشی کە لەڕێگەی ڤاکسینەوە رێگریی لێدەکرێت ئیفلیجیی منداڵانە، تەندروستیی جیهانی دەڵێت تەنانەت ئەگەر حاڵەتێکیش لە جیهاندا هەبێت هەموو جیهان لەبەردەم مەترسیدایە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەر حاڵەتێکی تۆمارکراو بە واتای 200 هەڵگری نەخۆشییەکە دێت.

"بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، دەبێت هەڵمەتی نیشتمانیی بۆ پێدانی ڤاکسین هەبێت" پسپۆرەکە گوتی، "جاران لە عێراقیش ئەم هەڵمەتەمان دەکرد و ساڵانە جارێک لە پایز و جارێک لە بەهاردا ڤاکسین دەدرا".

ئیفلیجیی منداڵان بەهۆی ڤایرۆسێکەوە سەرهەڵدەدات کە سەرەتا لە ریخۆڵە و چەند بەشێکی دیکەی جەستەدا بڵاودەبێتەوە، بەڵام لە حاڵەتە توندەکاندا رەنگە کاریگەری لەسەر کۆئەندامی مێشک و دەنار دابنێت و ببێتەهۆی تووشبوون بە ئیفلیجی، تەنانەت دەکرێت کەسەکە دووچاری مردنیش بکات.

لە هەرێمی کوردستاندا مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە هەیە؟

هەرچەندە منداڵان لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی رێکخراو و لە مانگە دیاریکراوەکانی کوتاندا ڤاکسین وەردەگرن، د. شاهۆ دەڵێت "بەهۆی نزیکیمان لە سووریاوە و بەو پێیەی تاوەکو ئێستا لەو وڵاتە چەند حاڵەتێک تۆمارکراون، هێشتا مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە هەیە، چونکە بەگوێرەی ئامارەکان رێژەی کوتان هێشتا نەگەیشتووەتە 95%، هەروەها بەداوداچوونی پێویست بۆ دیاریکردنی سەرچاوەکانی نەخۆشییەکە نییە. بەڵام گرنگە هاونیشتمانییان بزانن لە هەموو مەڵبەندە تەندروستییەکاندا ڤاکسینەکان بەردەستن".

لە درێژەی قسەکانیدا پسپۆڕەکە باسی لە نەخۆشییە نەگوازراوەکانی وەکو نەخۆشیی شەکرە، بەرزەفشاری خوێن و نەخۆشییە گوازراوەکان کرد کە لە زۆرینەی وڵاتانی جیهاندا هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانن. د. شاهۆ گوتی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان لە سووریا بە دوو قۆناغ دەکرێت، قۆناغی یەکەمیان دیاریکردنی ئەو کەسانەیە کە بە نەخۆشییەکان دەستنیشانکراون، پێویستە ئەم کەسانە دەستبەجێ پزیشکی پسپۆڕ ببینن و پشکنین و رێنمایی و دەرمانی پێویستیان پێ بدرێت. لایەنی دووەم پشکنینی ئەو کەسانەیە کە نیشانەی نەخۆشییەکانیان نییە بەڵام دەکرێت تووشبووی نەخۆشییەکانبن، بۆ ئەوەی ئەمانیش زوو دەستنیشانبکرێن و رێگری لە تەشەنەکردنی نەخۆشییەکەیان بگیرێت.