وەزارەتی کشتوکاڵ: 10 رۆژى دیکە باران نەبارێت کاریگەریی وشکەساڵی دەردەکەوێت

test
جوتیارێک لەکاتى دروێنە لە دەشتى شارەزوور. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو 10 رۆژى دیکە باران نەبارێت، کاریگەریی وشکەساڵی لە ناوچەکە دەردەکەوێت.

هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، "دواکەوتنی وەرزی بارانبارین و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە ئەمساڵدا، کاریگەریی بەرچاوی دەبێت لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەتایبەت دواکەوتنی دیاردەی پەڵە لە دەشتی هەولێر، پارێزگاى دهۆک و چەند ناوچەیەکی دیکە، کە بووەتە هۆی دواکەوتنی وەرزی چاندن".

گوتیشی، "ئەگەر تاوەکو ناوەڕاستی ئەم مانگە باران نەبارێت، ئەوا بەروبوومی دانەوێڵەی ئەمساڵ زیانی پێدەگات و کاریگەریی وشکەساڵیمان لەسەر دەردەکەوێت".

گوتەبێژەکەى وەزارەتى کشتوکاڵ، لەبارەى بەرهەمى ساڵى رابردووەوە گوتى، لە رووی بەرهەمهێنانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانەوە ساڵی 2024 ساڵێکی پڕ پیت و بەرەکەت بووە و ئاستی بەرهەمهێنان لە ساڵی 2023 و 2022 باشتربووە".

راشیگەیاند، بەگوێرەی پلانی راگەیەندراوی حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەمساڵ رێژەی وەرگرتنی گەنم بۆ 50% کەمکراوەتەوە، چونکە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق نزیکەی چوار ملیۆن تۆن گەنم وەردەگیرێت و لە جوتیارانی هەرێمی کوردستانیش تەنیا 400 هەزار تۆن گەنم وەردەگیرێت، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو نزیکەی 700 هەزار تۆن وەرگیراوە.

عێراق لەساڵی 2024 بە کۆی گشتی شەش ملیۆن تۆن گەنمی وەرگرت و لەو ژمارەیە 685 هەزار تۆن گەنمى لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، نرخی هەر تۆنێک لە گەنمى پلە یەک بە 835 هەزار دینار و گەنمى پلە دوو بە 815 هەزار دینار دیاریکرا.

loading....