پاش نزیکەی 77 ساڵ لە دامەزراندی دەزگای خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا، دامەزراوەکە یەکێکە لە باسوخواسە سەرەکییەکانی جیهان و ناوخۆی وڵاتەکەش. ئەم دامەزراوەیە لە ماوەیەکی سەختی مێژووی وڵاتەکەدا دامەزرا و تەنیا چەند ساڵێک پاش تێپەڕاندنی جەنگی دووەمی جیهانی دەستی بە کارەکانی کردووە.
لە ساڵی 1948ـدا خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی لە بەریتانیا دامەزرا و وڵاتەکە بوو بە یەکەم وڵاتی ئەورووپی کە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی بێبەرامبەر پێشکەشی دانیشتووانی وڵاتەکە دەکرد.
بەڵام چۆن بڕیار لەسەر دانانی ئەم دامەزراوەیە درا؟
لەکاتی دامەزراندنیدا، بەریتانیا تەنیا سێ ساڵ بوو جەنگی جیهانیی دووەمی تێپەڕاندنبوو. لە جەنگەکەدا زەبرێکی زۆری مرۆیی و دارایی بەرکەوتبوو و ملیۆنان شوێنی کار و نیشتەجێبوون خاپوورکرابوون.
لە ساڵی 1942 ویلیام بێڤەریج، ئابووریناسێکی دیاری حکومەتی بەریتانیا راپۆرتێکی سەبارەت بە چۆنیەتیی بنیادنانەوەی بەریتانیا پاش جەنگی جیهانی دووەم نووسی و تێیدا 'پێنج تاوانباری مەزن'ـی بە رێگر لەبەردەم گەشەکردنی وڵاتدا دانا، ئەوانیش بریتیبوون لە "چاوچنۆکی، نەخۆشی، نەزانی، هەژاری و تەمبەڵی"، ئەم راپۆرتەی ویلیام بێڤەریج بوو بەردی بناغەی دامەزراوەی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیای دانا.
ویلیام بێڤریج فۆرمێکی پێشکەوتووی رێکخستنەوەی دامەزراوە حکومییەکانی پێشنیازکرد و سیستمێکی بەهێزی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی خۆشگوزەرانی دانیشتووانی وڵاتەکەی دیزاینکرد. یەکێک لە خاڵەکانی ئەم ئاسایشە کۆمەڵایەتییەش سەنتەرێکی خزمەتگوزاریی نیشتمانی بوو کە تەواوی بودجەکەی لەلایەن پارەی باجەوە دابینبکرێت.
لە ساڵی 1945ـدا و لەگەڵ کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانیدا، پارتی کرێکارانی بەریتانیا سەرکەوتنێکی چاوەڕواننەکراویان بەسەر وینستن چەرچڵی سەرۆکوەزیرانی ئەوکات بەدەستهێنا و کلێمێنت ئاتلی بوو بە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا.
پارتی کرێکاران بۆ بردنەوە لە هەڵبژاردنەکان پشتیان بە راپۆرتەکەی ویلیام بێڤریج بەست و بەڵێنی خۆشگوزەرانی و بەهیزکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاریی تەندروستیی بێبەرامبەریان دا. کاتێک سەرکەوتن، نای بێڤانیان وەکو وەزیری تەندروستی دانا و ئەرکی دامەزراندنی خزمەتگوزارییە نیشتمانییەکانیان پێبەخشی. نای بێڤان پێشتر خۆی لە کانەکانی وێڵز کاری کردبوو و لە نزیکەوە پێداویستییەکانی خەڵکی هەژاری وڵاتەکەی دەزانی. وەزیرەکەی تەندروستی لە سەرەتاوە دووچاری دژایەتیکردنێکی زۆر هاتەوە و تەنانەت هەندێک لە پەرلەمانتارانی پارتەکەی خۆشی دژی وەستانەوە، هەروەها لەلایەن کۆمەڵەی پزیشکانی بەریتانیاوە دژایەتیی دەکرا.
نای بیڤان لەکۆتاییدا بەسەر دژەکانیدا سەرکەوتوو لە ساڵی 1946ـدا فرمانی دامەزراندنی دامەزراوەی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا دەرچوو و لە 5ـی حوزەیرانی ساڵی 1948 دامەزراوەکە کەوتە کار.
ئێستا دامەزراوەی نێشتمانیی تەندروستیی بەریتانیا شەشەم زۆرترین کارمەندی هەیە لە جیهاندا و رۆژانە زیاتر لە 1.5 ملیۆن چارەخواز دەبینرێن.
نای بێڤان و چارەخوازێک لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی دامەزراوەی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا، 5ـی حوزەیرانی 1948
هەرچەندە سیستمی تەندروستیی بەریتانیا لە پێشکەوتووترین و رێکخراوترین سیستمە تەندروستییەکانی جیهانە، لەم ساڵانەی رابردوودا دووچاری کورتهێنان و رەخنەیەکی زۆر بووەتەوەوە.
تۆبی براون، سەرۆکی دامەزراوەی کینگس فەند کە دامەزراوەیەکی تەندروستیی و خێرخوازییە، باس لە کەموکوڕییەکانی دامەزراوەی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا دەکات و دەڵێت رێکخراوەکە لەبەردەم مەترسیی لەناوچووندایە؛ "خەڵک وەکو پێویست چارەسەر ناکرێن، نزیکەی 7.4 ملیۆن کەس لە چاوەڕوانیدان، خەڵک چاوەڕێی ئامبوڵانسە، لە بەشی ئیمێرجنسیی نەخۆشخانەکان هەر چاوەڕی دەکەن، بۆ نەشتەرگەری و تەنانەت چارەسەری شێرپەنجەش هەر چاوەڕێ دەکەن، هەربۆیە خزمەتگوزارییەکان خراپتر دەبن و پێویستە ئەمە چارەسەربکەین"
بەگوێرەی راپۆرتێکی سەربەخۆی مانگی ئەیلوولی 2024، ئێستا سیستمی تەندروستیی وڵاتەکە لە بارودۆخێکی سەختدایە و ئەگەر ریفۆرم لە دامەزراوەی خزمەتگوزاریی نیشتمانیدا نەکرێت، لەوانەیە دامەزراوەکە بەتەواوی بڕووخێت. پاش راپۆرتەکە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، کییەر ستارمەر، بەڵێنی ئەوەی دا پلانێکی 10 ساڵە بۆ بەهێزکردنەوەی دامەزراوەکە دابنرێت.