چۆن رێگری لە خەڵەفان و لەبیرچوونەوە بکرێت؟

test

یەکێک لە سەرەکیترین گرفتە تەندروستییەکانی بەساڵاچووان، کەمبوونەوەی توانای مێشکە. لە کوردستان هیچ ئامارێک بۆ تووشبووانی نەخۆشیی لەبیرچوونەوە نییە؛ بەڵام بەگوێرەی ئامارەکانی ویلایەتە یەکگرتتوەکانی ئەمریکا، نزیکەی 10%ـی بەساڵاچووانی وڵاتەکە گرفتی لەبیرچوونەوە و خەڵەفانیان هەیە.

خەڵەفان نەخۆشییەکی دیاریکراو نییە، بەڵکو دەستەواژیەکی گشتییە کە هەندێک نیشانە لەخۆدەگرێت، ئەو کەسانەی لەبیرچوونەوەیان هەیە گرفتیان لە بیرهاتنەوەی زانیارییەکان، بیرکردنەوە و بڕیاردانی رۆژانەدا بۆدروستدەبێت. نەخۆشیی ئاڵزهایمەر باوترین هۆکاری لەبیرچوونەوەیە. هەرچەندە لەبیرچوونەوە لەکەسانی بەتەمەندا زیاتر روودەدات، بەڵام بەشێک نییە لە پرۆسەی ئاسایی پیربوون.

زۆرینەی توێژینەوەکان ئاماژە بەوەدەکەن ئەو کەسانەی بەتەنیا دەژین، ئەوانەی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەدوورن، مەترسییان زیاترە، لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا، تووشی کەمبوونەوەی توانای مێشکی و نەخۆشیی لەبیرچوونەوە ببن.

توێژینەوەیەکی فراوانی بەریتانی، هەندێک رێگەی وەکو هۆکاری کاریگەر بۆ بەهێزراگرتنی توانای مێشک دەرخستووە. توێژینەوەکە لە گۆڤاری جامادا بڵاوکراوەتەوە، نزیکەی 8 هەزار بەشداربووی تەمەن 50 ساڵی بۆ ماوەی نزیکەی 10 ساڵ تاقیکردنەوەیان لەسەر کراوە و ساڵانە توانای مێشکیان هەڵسەنگێنراوە.

پسپۆڕە بەڕیتانییەکان ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە هەبوونی پەیوەندییەکی تەندروست و درێژخایەن، ئیدی لەگەڵ هاوڕێیەک یان ئەندامێکی خێزاندا بێت، نەوەکو تەنیا هەستی دڵخۆشی زیاددەکات، بەڵکو تەندروستیی مێشک باشتردەکات و مەترسیی نەخۆشیی لەبیرچوونەوە کەمتر دەکات.

ئەو کەسانەی پاڵپشتیی دەروونی و کۆمەڵایەتییان زیاترە، مەترسییان کەمترە تووشی نەخۆشیی لەبیرچوونەوە ببن. بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کەناڵ8، لە هەرێمی کوردستان رێژەیەکی کەمتر لە خەڵکی تووشی لەبیرچوونەوە دەبن، ئەمەش دەکرێت هۆکارەکەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە پاڵپشتییە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانی خەڵکی ئێرە زیاتربن.

یەکێکی دیکە لەو کارانەی کە بەهێزیی توانای مێشک دەپارێزێت، نزیکییە لە ئاژەڵانەوە. بەگوێرەی توێژینەوە بەڕیتانییەکە ئەو کەسانەی ئاژەڵێکی ماڵییان هەیە، بەراورد بەوانەی هیچ ئاژەڵێکیان نییە، توانای مێشکیان بەهێزترە. ئەو کەسانەی بەتەنیا دەژیان و ئاژەڵێکی ماڵییان هەیە، مەترسییان کەمترە تووشی لەبیرچوونەوە و لەدەستدانی توانا مێشکییەکانیان ببن. هەبوونی ئاژەڵە ماڵییەکان لەلایەن پسپۆڕانەوە وەکو جێگرەوەیەکی باشی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەبینرێت لەو کەسانەدا کە بەتەنیا دەژین.

لەگەڵ هەڵکشانی تێکڕای تەمەن لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، ئەگەری ئەوە هەیە کە رێژەیەکی زیاتر لە خەڵکی تووشی لەبیرچوونەوە ببن، ئەمەش وادەکات خەڵکی ئەو وڵاتانە گرنگییەکی زیاتر بدرێت بەو رێکارانەی رێگریی لە لەبیرچوونەوە دەکەن.