هۆڵهندا: پێویستە كورد و کریستیان رۆڵیان لە سووریا هەبێت

وهزیری دهرهوهی هۆڵهندا رایگەیاند، پێویستە كورد و کریستیان له پێکهێنانى دهوڵهتی داهاتووی سووریادا رۆڵیان هەبێت.
كاسپەر ڤیڵدكامپ، وهزیری دهرهوهی هۆڵەندا له راپۆرتێكدا كه ئاڕاستهی پهرلهمانی وڵاتهكهی كردووه و زانیارییەکانى لەڕێگەى نێردەی تایبەتی وڵاتەکەیان پێدراوە، باس لەوەدەکات، نوێنەرەکەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سووریا کۆبووەتەوە و جەختی لە گرنگیی سیاسەتێکی راگوزەری گشتگیر و پاراستنی کەمینەکان کردووەتەوە.
دەشڵێت، زۆر گرنگە پێکهاتەکانی کریستیان و کورد و کەمینەکانی دیکەى سووریا بەشداریی لە پرۆسەى گواستنەوەی سیاسیی گشتگیر بکەن.
وەزیرى دەرەوەى هۆڵەندا راشیگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن چۆن هۆڵەندا و یەکێتیی ئەوروپا دەتوانن پشتگیریی لە پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی لە سووریا بکەن.
ڤیڵدكامپ باسى ئەوەشى کردووە، ئێستا هیچ پلانێک نییە بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە دیمەشق، بەڵام کار لەسەر چۆنیەتى پشتیوانیکردنى سووریا دەکەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، 2 تاوەکو 4ـى ئەم مانگە، خایش خێرلاخ، نێردەی تایبەتی هۆڵەندا بۆ دیمەشق لەگەڵ بەرپرسانى حکومەتى راگوزەرى سووریا کۆبووەتەوە و پەیامى وڵاتەکەى بە بەرپرسانى نوێی سووریا داوە.
هەریەک لە وەزیرانى دەرەوەى فەڕەنسا و ئەڵمانیاش لەکاتى سەردانیان بۆ دیمەشق، رایانگەیاند، "پێویستە کۆتایی بە پێکدادانەکانی باکووری سووریا بهێنرێت و بەرژەوەندیی ئەمنیی هاوبەشە کوردەکانمان بپارێزرێت".