فوئاد حسێن و کاربەڕێکەرى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە عێراق کۆبوونەوە

فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێڕاق. فۆتۆ: AP

فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق لەگەڵ ئیلیزابێس کەنەدى، کاربەڕێکەرى باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە و ئامادەکارییەکانیان بۆ کۆبوونەوەى لیژنەى هاوبەشى نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێکرد.

فوئاد حسێن لە تۆڕى ئێکس، گوتى "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆمان لەبارەى دۆخى ناوچەکە کردووە، بەتایبەتى هەماهەنگى نێوان هەردوولا بۆ رووبەڕووبوونەوەى داعش".

ئاماژەى بەوەشکرد، باسیان لە ئامادەکارییەکان کرد بۆ کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی عێراق - ئەمریکا، بۆ کاراکردنی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیجی بۆ دۆستایەتی و هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات کردووە.

ساڵى رابردوو سەرۆکوەزیرانى عێراق سەردانى ئەمریکاى کرد و لەدواى گەڕانەوەى لیژنەیەکى باڵاى بەمەبەستى گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا پێکهێنا بۆ ئەوەى پێکەوە دەستبە جێبەجێکردنى رێککەوتنى ستراتیجیی نێوان ئەمریکا و عێراق بکەن، بەگوێرەى ناوەرۆکى رێککەوتننامەکە دەبێت هێزەکانى ئەمریکا بە چەند قۆناغێک لە عێراق بکشێنەوە.