دروستکردنی پەیکەرێکی شاژنە ئیلیزابێس هەرای ناوەتەوە

حکومەتی بەریتانیا، داوایەکی گشتیی ئاڕاستەی هونەرمەند، تەلارساز و ئەندازیارانی وڵاتەکەی دەکات، بیرۆکەی خۆیان پێشکەش بکەن بەمەبەستی دروستکردنی پەیکەرێکی نوێ بۆ شاژنە ئیلیزابێس و بڕی ئەو بودجەیەش کە بۆی تەرخانکراوە، هەرای ناوەتەوە.
بەریتانییەکان سەریان بە دەستپێشخەرییەکی حکومەتەکەیان سووڕماوە، کە داوا لە هونەرمەند و تەلارسازەکانی وڵاتەکەی دەکات، بیرۆکەی نوێترین پەیکەری خۆیان بۆ یادکردنەوەی شاژنە ئیلیزابێس پێشکەش بکەن، کە براوەی دەستپێشخەرییەکە، بڕی 23 بۆ 46 ملیۆن پاوەندی پێدەبەخشرێت بەمەبەستی دروستکردنی پەیکەرەکە.

رەخنەگرانی هونەر جەخت لەوە دەکەنەوە؛ ئەم دەستپێشخەرییە لەکاتێکدایە، کەرتی کولتوور و هونەری بەریتانیا دەناڵێنێت و پێویستی بە چاکسازییە، بەڵام حکومەت سەرقاڵی بەخشینی بڕە پارەیەکی زۆرە لە پەیکەرەکەی شاژنە ئیلیزابێس و راستەوخۆ پارەکەی لە بیمەی گشتیی وڵاتەکە تەرخان دەکرێت.