خانمێکی گەنج لە بەریتانیا، بە شێرپەنجە دەستنیشانکرا و لەڕێگەی نەشتەرگەرییەوە هەشت ئەندامی جەستەی بۆ دەرهێنرا، ئێستا نەخۆشییەکەی تێپەڕاندووە و گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی.
فایە لویز خانمێکی بەریتانییە و پاش ئەوەی لە ساڵی 2023ـدا گرێیەکی شێرپەنجەییان لە ریخۆڵەکوێرەیدا دۆزییەوە، هیچ هیوایەکی نەما و وایدەزانی لە ماوەیەکی کورتدا گیانلەدەستدەدات.
خانمەکە لە بەهاری 2023ـدا هەستی بە ئازاری ناوسک کرد و سەرەتا وایدەزانی گرفتی سووڕی مانگانەی هەیە، پاشان لە پشکنینێکی پزیشکی و لەڕێگەی سۆنارەوە دەرکەوت کە کیسێک لە هێلکەدانیدا هەیە.
پزیشکەکانی لویز بۆ ئەوەی نەخۆشییەکەی دەستنیشانبکەن نەشتەرگەرییەکیان بۆ کرد و دەرکەوت کە جۆرێکی دەگمەنی شیرپەنجەی بەناوی " pseudomyxoma peritonei "ـی هەیە، ئەم جۆرەی شێرپەنجە وادەکات شلەیەکی توند لە بۆشایی ناوسکدا کۆببێتەوە. شێرپەنجەکە لەماوەیەکی کەمدا بە هەموو ئەندامەکانی ناوسکیدا بڵاوبوویەوە و پزیشکەکانی ناچاربوون هەشت ئەندامی جەستەی بۆ لاببەن. ئەمدامە لابراوەکانی جەستەی لویز ئەمانە بوون: سپڵ، کیسی زراو، ریخۆلەکوێرە، هێلکەدانەکان، منداڵدان، بۆرییەکانی فالووپ، ناوک، پەردەی گەورە و بچووکی ریخۆڵەکان.
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024ـدا و پاش وەرگرتنی چارەسەری تەواو، پزیشکەکانی لویز پێیان گوت کە چیدی هیچ نیشانەیەکی شێرپەنجە بە جەستەیەوە دیار نەماوە. بەڵام دەبێت هەموو ساڵێک لە مانگی تشرینی دووەمدا پشکنین بکات.
لویز پێشتر لە فڕۆکەخانەی گاتویک کاری کردووە و ئێستا گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی، دەڵێت "کارەکەم زۆر خۆشدەوێت و جووڵەی زۆر تێدایە، لەماوەی تووشبوونیشم بە نەخۆشییەکە هەندێک رۆژ زۆر هەستم بە غەمباری کردووە، بەڵام ئێستا بارودۆخم زۆر باشە و زۆرینەی رۆژەکان ئەرێنیم".