ئێستا لاوازبوونی نینۆک و زوو شکانی نینۆکەکان گرفتێکی باوە بەتایبەتی لە ناو خانماندا، ئەمەش وایکردووە کە پەناببرێتەبەر چەندین رێگەی جیاواز بۆ بەهێزکردنی نینۆکەکان.
چەند رێنماییەکی گرنگ بۆ تەندروستهێشتنەوە و بەهێزبوونی نینۆکەکان
بەکارهێنانی تەواوکەری خۆراکیی بایۆتین
بایۆتین کە بە ڤیتامین بیی7ـیش ناسراوە، یەکێکە لەو ڤیتامینانەی کە جەستە ناتوانێت گلیبداتەوە، هەربۆیە پێویستە رۆژانە لەڕێگەی خۆراک و تەواوکەرە خۆراکییەکانەوە وەربگیرێت. بایۆتین رۆڵی هەیە لە بەهێزکردنی نینۆک و قژدا، هەروەها دەرکەوتووە کە سوودی بۆ کۆئەندامی مێشک و دەماریش هەیە.
بایۆتین لە چەند خۆراکێکیشدا هەیە وەکو ماسیی ساردین، هێلکەی کوڵاو و پاقلەمەنییەکان.
کەمکردنەوەی بەرکەوتنی نینۆکەکان لەگەڵ ئاو
گرنگە نینۆکەکان زۆر ئاویان بەرنەکەوێت چونکە دەبێتەهۆی لاوازبوونیان، هەرۆیە گرنگە کە لەکاتی قاپشوشتندا یان شوشتنی هەرشتێکی دیکەدا دەستکێش بەکاربهێنرێت.
خواردنەوەی ئاو
خواردنی ئاو بەگوێرەی پێویست بەگشتی گرنگە بۆ تەندروستیی هەموو جەستە، هەربۆیە ئاوخواردنەوەی پێویست گرنگە بۆ تەندروستیی نینۆکەکانیش، چونکە دەبێتەهۆی شێداربوونەوەی نینۆکەکان و بەهێزمانەوەیان.
گرنگی بەو خۆراکانە بدە کە دەیانخۆیت
گرنگە ژەمەخۆراکییەکان چەندین جۆری جیاواز لە خۆراکیان تێدابێت بۆ ئەوەی بڕی پێویست لە ڤیتامین و کانزا گرنگەکانت دەستبکەوێت، چونکە ڤیتامین و کانزاکان رۆڵی گەورەیان لە بەهێزکردنی نینۆکەکاندا هەیە.
گرنگە ئەو خۆراکانە زیاتر بخورێن کە دەوڵەمەندن بە زینک، ڤیتامین ئەی، ڤیتامین بیی12 و ئاسن وەکو هێلکە، گۆشتی بێچەوری، نیسک، عەلیبابا، گۆشتی پەلەوەر و فاسۆلیای رەش.
ئاگاداری ئەو بەرهەمانە بە کە بۆ نینۆکەکانت بەکاریاندەهێنیت
- بۆیەی نینۆک و لێکەرەوەی بۆیەی نینۆک: هەندێک جۆری بۆیەی نینۆک چەندین ماددەی زیانبەخشیان تێدایە کە دەبنەهۆی لاوازبوونی نینۆک، هەروەها ئەو لێکەرەوانەی بۆیەی نینۆک کە ئەسیتۆنیان تێدایە نینۆک لاواز دەکەن
- پاککەرەوەکانی دەست: ئەو پاککەرەوانەی دەست کە کحولیان تێدایە نابێت بەر نینۆکەکان بکەون چونکە لاوازیان دەکەن. گرنگە لەکاتی پاککردنەوەی ناوماڵدا دەستکێش بەکاربهێرێت بۆئەوەی هیچ جۆرە بەرکەوتنێک لە نێوان نینۆک و ماددە پاککەرەوەکاندا نەبێت
- شامپۆ: ئەگەر شامپۆیەک بەکاردەهێنیت بۆئەوەی چەوریی دەستت کەمببێتەوە، واتە ئەگەر شامپۆکەت دژەچەورییە، دەبێت ئاگاداربیت چونکە دەبێتەهۆی وشکبوونەوەی نینۆکەکان و لاوازبوونیان
دوورکەوتنەوە لە بۆیەی جێڵ و نینۆکی دەستکرد
لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە خانمان بۆیەی جێڵ یان نینۆکی دەستکرد بەکاردەهێنن وەکو جێگرەوەیەک بۆ نینۆکە لاوازەکانی خۆیان، بەڵام بەکارهێنانیان بەشێوازێکی درێژخایەن هۆکارە بۆ لێبوونەوەی توێژی نینۆکەکان، ئەمەش دەبێتەهۆی لاوازتربوونیان.
لەگەڵ ئەوەی پێویستە توێژینەوەی زیاتر بکرێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم زیانە، بەڵام لە چەند توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە کە ئەو رووناکییە سەروبنەوشەییەی بۆ بۆیەی جێڵ بەکاردەهێنرێت، مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکات. هەروەها ئەم رووناکییە هۆکارە بۆ پیربوونی ئەو پێستەی کە پاڵپشتیی نینۆکەکان دەکات، هەربۆیە ئێستا پسپۆڕان رێنمایی بەکارهێنەرانی ئەم جۆرە بۆیەیە دەکەن کە 20 خولەک پێش کردنی، دژەخۆر بۆ پەنجەکانیان بەکاربهێنن.
پشوودان بە نینۆکەکان
ئەو خانمانەی کە بە بەردەوامی بۆیەی نینۆک بەکاردەهێنن، پێویستە ماوەماوە لە بەکارهێنانیان بووەستن و پشوو بە نینۆکەکانیان بدەن. واتە پاش هەفتەیەک لە بەکارهێنانی گرنگە بە لێکەرەوەیەک کە ئەسیتۆنی تێدانییە لێبکرێتەوە و بۆ ماوەی هەفتەیەک هیچیان پێوە نەبێت.
بڕینی نینۆکەکان
نینۆکی درێژ ئەگەری شکان و گیرانی لە شتەکانی دەوروبەر زیاترە، بەڵام نینۆکی کورت ئەگەری شکانی کەمترە بەمەش نینۆکەکان بە بەهێزی دەمێننەوە.
نینۆکەکانت بەکارمەهێنە
نابێت رۆژانە نینۆکەکان بۆ هەندێک مەبەستی زیانبەخش بەکاربهێنرێن بۆ نمونە کردنەوەی سەری شوشەی خواردنەوە گازییەکان بە نینۆک.
بەکارهێنانی شێدارکەرەوە
پاش لێکردنەوەی بۆیەی نینۆک یان پاش هەموو دەستشوشتنێک، گرنگە شێدارکەرەوە بۆ دەستەکان بەکاربهێنرێت بۆئەوەی نینۆکەکان لە وشکبوونەوە پارێزراوبن.
لە ئەگەری سوودنەبینین لەم خاڵانەی سەرەوە لە پاش چەندین هەفتە لە پەیڕەوکردنیان، گرنگە سەردانی پزیشکی پسپۆڕی پێست بکرێت.