بەگوێرەی راپۆرتێکی واشنتن پۆست، حاڵەتەکانی بەردی گورچیلە لە ئەمریکا لە منداڵاندا زیادیکردووە، ئەمە لەکاتێکدا پێشتر ئەم جۆرە حاڵەتانە زۆر دەگمەن بوون و زیاتر لە پیاوان و کەسانی پێگەیشتوودا دەردەکەوتن.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی ساڵی 2016 کە لە گۆڤاری زانستیی پزیشکانی گورچیلە لە ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە دەرکەوتووە، رێژەی تووشبوونی مێردمنداڵانی تەمەن 15 بۆ 19 ساڵ بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بەجۆرێک لە کچاندا بەڕێژەی 28% و لە کوڕاندا 5% زیادیکردووە.
بەردی گورچیلە زۆرجار بەهۆی کۆبوونەوە و نیشتنی کریستاڵی کانزاکانەوە دروستدەبێت، زۆرینەی بەردەکان قەبارەیان لە دەنکە نیسکێک بچووکترە و دەکرێت هیچ نیشانەیەک دروستنەکەن.
کاتێک منداڵان تووشی بەردی گورچیلە دەبن، لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە و میزەڕۆوە دەرمانی تایبەتیان بۆ خاوکردنەوەی ماسوولکەکانی بۆریی میز پێدەدرێت، بۆ ئەوەی بەردەکە بە ئاسانی لە گورچیلەوە بچێتە میزڵدان. ئەو منداڵانەی بەهۆی بەردەکەوە تووشی هەوکردنی میزڵدان و میزەڕۆ دەبن دەبێت دەرمانی دژەبەکتریا وەربگرن. ئەوانەش کە قەبارەی بەردەکەیان گەورەیە یان بەردەکە بۆ ماوەیەکی زۆر ئازاریان بۆ دروستدەکات، دەبێت لەڕێگەی شکاندنی بەرد بە شەپۆلی دەنگی یان لەڕێگەی نەشتەرگەرییەوە بەردەکەیان چارەسەر بکرێت.
بەشێک لە پسپۆڕانی تەندروستی لە ئەمریکا هۆکاری زۆربوونی حاڵەتەکانی بەردی گورچیلە لە منداڵاندا دەگێڕنەوە بۆ خۆراکە دەستکاریکراوەکان، بەو پێیەی ئەم جۆرە خۆراکانە بڕێکی زۆر لە خوێیان تێدایە و ئەمەش مەترسیی دروستبوونی بەردی گورچیلە زیاددەکەن.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان لەوانەیە گۆڕانی کەشوهەوا بێت؛ نەبوونی ئاوی خاوێن دەکرێت بەردی گورچیلە دروستبکات، هاوکات بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراکە تەندروستەکان زیاددەبێت و ئەمەش خێزانەکان والێدەکات ناچاربن ژەمە ناتەندروستەکان بخۆن.
د. دەیڤید ساس، پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی گورچیلەیە لە سەنتەری پزیشکیی مایۆکلینیک لە ئەمریکا، ئەو دەڵێت بە توێژینەوە بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو کەسانەی لە شار و شوێنە قەرەباڵغەکاندا دەژین ئەگەری تووشبوونیان بە بەردی گورچیلە زیاترە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە شارەکان باڵەخانە، جاددەی قیر، شۆستە و شەقامی کۆنکرێتییان تێدایە کە پلەی گەرمی بەرزدەکەنەوە و لەڕێگەی وشکبوونەوەی جەستەوە مەترسیی تووشبوون بە بەردی گورچیلە زیاددەکەن.