وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان ئامادەکاریى دەکات بۆ لیستى مووچەى مانگى کانوونى دووەمى 2025، سەرچاوەیەکیش لە دارایى هەرێمی کوردستان بەکەناڵ8ـى راگەیاند، مووچەى مانگى 12 پاشەکەوت دەکرێت".
شۆخان عومەر، بەڕێوەبەرى بانکى مەڵکەندى لە سلێمانى بە کەناڵ8ـى رایگەیاند، لە وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستانەوە داوامان لێکراوە لەماوەى دوو رۆژى داهاتوودا لیستى مووچەى مانگى 1ـى 2025 ئامادە بکەین و لەو ماوەیەدا بۆیان رەوانە بکەین".
گوتیشى، "ئامادەکردنى لیستى مووچە هاوشێوەى پێشتر دەبێت، بەڵام کۆدى بایۆمەترى و 'یو پى ئێن'ـى سەرجەم مووچەخۆرانیش داغڵ دەکرێت لە لیستى مووچەدا لەگەڵ کۆى خەرجیی مووچەکانیان".
هاوکات، سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان، کە نەویست ناوى بهێنرێت، بە کەناڵ8ـى راگەیاند، "مووچەى مانگى 12ـى 2024 پاشەکەوت دەکرێت".
هەمان سەرچاوە ئەوەی ئاشکرا کردووە، "73 ملیار دینار پارە ماوەتەوە لە تەمویلى مووچەى مانگەکانى 11 و 12ـى ساڵى رابردوو، بۆیە بەفەرمى بە گەنجینەکان راگەیەندراوە لیستى مووچەى مانگى کانوونى دووەمى 2025 ئامادە بکەن".
ئەمە لەکاتێکدایە، بەگوێرەى راگەیەندراوى وەزارەتى دارایى و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کە لە 2ـى کانوونى دووەمى 2025 بڵاویکردەوە، دەڵێت، "وەک وەزارەتى دارایى و حکومەتى هەرێمی کوردستان سوورین لەسەر بەدەستهێنانى مووچەى مانگى 12، کە لە ئەستۆى حکومەتى عێراقە دابینى بکات".