باڵەخانەی ئێستای نەخۆشخانەی هیوا نزیکەی 20 ساڵ لەمەوبەر کراوەتەوە، بەو پێیەی ئێستا ژمارەی سەردانکەر و چارەخواز زۆر زیاترە و ماوەماوە پێویست بە کردنەوەی بەشی نوێ دەکات، چیدیکە ئەم باڵەخایەنە بەشی کار و خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە شێرپەنجە ناکات. هەربۆیە پارچە زەوییەکی نوێ چەند ساڵێکە لە سلێمانی تەرخانکراوە بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی فراوان و سەردەمیی تایبەت بە دەستنیشانکردن و چارەسەری شێرپەنجە لە سنووری سلێمانی و دەوروبەری، بەڵام بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت بەهۆکاری جیاکاریی نێوان پارێزگاکان تاوەکو ئێستا کار لەسەر پرۆژەکە نەکراوە.
د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵ8 باسی گرفتی نەبوونی شوێنی پێویست بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە لە سنووری سلێمانی کرد و گوتی: سەرەڕای ئەوەی زەویی تایبەت بۆ کردنەوەی نەخۆشخانەی هیوای گەورە دابینکراوە، تاوەکو ئێستا کار لە زەوییەکەدا نەکراوە.
سەبارەت بە هۆکاری دروستنەکردنی نەخۆشخانەی هیوای گەورە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە رایگەیاند کە "هیچ بەربەستێک لەبەردەم دروستکردنی نەخۆشخانەکەدا نییە و بە راشکاوی دەڵێم بەهۆی جیاکاریی نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوەیە کە دروستکردنەکەی دواخراوە".
تەنیا بەهۆی جیاکاریی نێوان پارێزگاکانەوەیە کە نەخۆشخانەی هیوای گەورە بنیادنەنراوە
د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا
د. یاد نەقشبەدنی گوتی: لە ساڵی 2021ـدا، ئەنجوومەنی سندوقی شێرپەنجە کە بەڕێوەبەری هەموو سەنتەرەکانی شێرپەنجەی هەرێمی کوردستانی تێدایە و هەموویان لە پزیشکی پسپۆڕی بواری شێرپەنجە پێکدێن، پرۆژەیەکی ستراتیجیمان داناوە و بڕیارمان داوە بە چەند قۆناغێک چاکسازی لەبواری چارەسەری شێرپەنجەدا بکەین، چەند قۆناغیکمان دانا و یەکەم قۆناغ دروستکردنی بینایەکی فراوان و نوێ بۆ نەخۆشخانەی هیوا و دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی شێرپەنجە بۆ شاری دهۆک بوو، بەڵام دروستکردنی بینا نوێکەی نەخۆشخانەی هیوا تاوەکو ئێستا تەنیا بڕیارە.
د. یاد ئاماژەی بەوە کرد کە سلێمانی پێویستییەکی زۆری بە سەنتەرێکی نوێ و فراوان بۆ چارەسەری شێرپەنجە هەیە و ئەوان وەکو پزیشکی پسپۆڕی بوارەکە زیاتر هەست بە پێویستییەکە دەکەن؛ "بەڵام ئەوانەی لە سەرەوەن و ئاگاداری بارودۆخەکە نین زۆر هەستیان بەمە نەکردووە".
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە باسی لەوە کرد کە نزیکەی دوو ساڵە باشترین شوێن لە سلێمانی کە بەشی سەرەوەی پارکی هەواری شارە، بۆ دروستکردنی پڕۆژەکە لەلایەن ئەنجوومەنی شارەوانیی سلێمانییەوە تەرخانکراوە و رووبەری شوێنەکە 12 دۆنمە و سەرپشککراون لە هەر شوێنێکی بەشی سەرەوەی پارکەکە ئەم رووبەرە هەڵبژێرن.
ماوەی دوو ساڵە شوێن بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی نوێی شێرپەنجە لە سلێمانی دابینکراوە بەڵام تاوەکو ئێستا کاری لەسەر نەکراوە
د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا
د. یاد دەڵێت زیاتر لە سێ جار پەیوەندیی لەگەڵ لیژنەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ سەردانکردنی سلێمانی و گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆژەکە کردووە، "بەڵام هەموو جارێک دەڵین لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی سلێمانی دەکەین".
سەبارەت بە هەوڵە جیاوازەکان بۆ کردنەوەی نەخۆشخانەکە، پزیشکەکە گوتی لە چەند لایەکەوە هەوڵی ئەوە دراوە کە پرۆژەی نەخۆشخانەی هیوای گەورە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ "لەماوەی رابردوودا لەلایەن نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پاڵپشتیی تەواوی پرۆژەکە کراوە، لە وەزارەتی پلاندانانیشەوە د. دارا رەشید بەڵێنی ئەوەی داوە کە کاتێک پرۆژەکە دەگاتە وەزارەتەکە بەزووترین کات بودجەی بۆ دابینبکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
"سلێمانی پایتەختی شێرپەنجەیە" د. یاد نەقشبەندی گوتی, "سەنتەرەکانی موسڵ و بەغداد دەیانەوێت لاسایی نەخۆشخانەی هیوا بکەنەوە. موسڵ ئێستا یەکێک لە گەورەترین سەنتەرەکانی چاندنەوەی مۆخی تێدایە و سەنتەرەکە لەلایەن پزیشکانی ئێمەوە رێنمایی زانستی دەکرێت، لەگەڵ ئەم هەموو پێشکەوتنەدا هێشتا بینایەکی پێشکەوتوومان نییە".
پزیشکەکە باسی لە چۆنیەتیی دامەزراندنی نەخۆشخانەی هیوا کرد و گوتی کە لە ساڵی 2007ـەوە نەخۆشخانەکە دروستبووە بیناکەی بۆ بینای نەخۆشخانە دروستنەکراوە، ئەو کاتە لەوانەیە ساڵانە کەمتر لە هەزار تووشبوو تۆمارکرابن، بەڵام لە ساڵی 2024ـدا زیاتر لە دوو هەزار و 800 تووشبووی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراون، هەربۆیە ئێستا ئەو بینا بچووکە بەکەڵکی چارەسەری شێرپەنجە نایەت و ناکرێت 200 چارەخوازی شێرپەنجە لە 100 مەتر دووجادا چاوەڕێی وەرگرتنی چارەسەر بکەن.
ناکرێت 200 چارەخوازی شێرپەنجە لە 100 مەتر دووجادا چاوەڕێی وەرگرتنی چارەسەر بکەن
د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا
بەشێک لەو تووشبووانەی لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراون دانیشتووی سنووری سلێمانی نین. وەکو د. یاد نەقشبەندی ديڵێت "لە سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسک 75%ـی چارەخوازان دانیشتووی پارێزگاکانی دیکەی عێراقن".
لە درێژەی قسەکانیدا، د. یاد نەقشبەندی ئاماژەی بەوە کرد کە دەبوایە 2018ـەوە بینایەکی نوێ و پێشکەوتوو بۆ نەخۆشخانەی هیوا دروستبکرێت، ساڵانە ئامارەکان زیاددەکەن و بودجەی نەخۆشخانەکە وەکو خۆی وایە؛ "سەنتەرەکانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بەپێی پێویستی و بە پلان ناکرێنەوە، بۆیە بێگومان جیاوازی کراوە، ئێمە هەوڵەکانمان بۆ ئەوە نییە بڵێین سلێمانی باشترە، چونکە چەندین جار دەرمانمان لەسەر بودجە و پارەی تەندروستیی سلێمانی بۆ چارەخوازی هەولێر ناردووە".
لە کۆتایی قسەکانیدا، بەڕێوەبەرەکەی نەخۆشخانەی هیوا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر نەخۆشخانەی هیوای گەورە دروستبکرێت ئەوا دەبێت بە یەکێک لە پێشکەوتووترین سەنتەرەکانی چارەسەری شێرپەنجە لە جیهاندا؛ "لەکۆتاییدا هیوا خزمەتێکە بە تووشبووانی شێرپەنجە لە زاخۆوە تاوەکو بەسرە"
سەبارەت بە ئامارەکانی شێرپەنجە لە ساڵی رابردوودا، پسپۆڕەکە گوتی دوو هەزار و 888 حاڵەتی شێرپەنجە تۆمارکراون کە 173ـیان منداڵ بوون، باوترین جۆرەکانی شێرپەنجەش شێرپەنجەی مەمک، سییەکان و پاشان کۆڵۆن بووە.