/

مایکرۆسۆفت 80 ملیار دۆلار بۆ ژیریی دەستکرد تەرخاندەکات

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت رایگەیاند، لە ساڵى 2025دا بەنیازە 80 ملیار دۆلار، بۆ وەبەرهێنان لە پەرەپێدانی ناوەندەکانی داتا بۆ راهێنانی مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد و بڵاوکردنەوەی بەرنامە و ئەپڵیکەیشنی نوێ تەرخانبکات.

براد سمیس، سەرۆکی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، لە راگەیەندراوێکدا گوتى "زیاتر لە نیوەی ئەم بڕە پارەیە بۆ وەبەرهێنان لە ئەمریکا دەبێت، ئەمەش گوزارشتە لە پابەندبوونی کۆمپانیاکە بە ئابووریی ئەمریکاوە".

سمیس، ستایشی دەستکەوتەکانی ئەمریکای لە بواری ژیریی دەستکرد کرد و داوای لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کرد، پشتیوانی لە کەرتی تەکنەلۆجیا بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت پلانی هەیە لە ماوەی سێ ساڵدا بە بەهاى 35 ملیار دۆلار، لە 14 وڵاتی جیاوازدا وەبەرهێنان بکات.

زیادکردنى وەبەرهێنان لە ژیریى دەستکرد لە کاتێکدایە، لە ساڵی 2023 رێژەی دەردانی گازی ژەهراوی لەلایەن کۆمپانیای مایکرۆسۆفتەوە بە بەراورد بە ساڵی 2020 بە ڕێژەی %29 زیادیکردبوو.

بەرێوەبەری مایکرۆسۆفت، هیچ زانیارییەکی سەبارەت بە کێشە ژینگەییەکانی پەیوەست بە ناوەندەکانی داتا باس نەکرد.

زیادبوونی خواست لەسەر ژیریی دەستکرد و بەدەستهێنانى قازانج لەو رێگەیەوە، وایکردووە هەوڵی کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکانی وەک گوگڵ، ئەمازۆن و مایکرۆسۆفت بۆ کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن، سنوردار ببێت