وەزیرانی دەرەوەی عێراق و فەڕەنسا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا

فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەی عێراق و ژان نۆویل بارۆ، وەزیرى دەرەوەی فەڕەنسا

فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەی عێراق و ژان نۆویل بارۆ، وەزیرى دەرەوەی فەڕەنسا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و گفتوگۆیان لەسەر رەوشی سووریا و پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و پاریس کرد.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، ژان نۆویل بارۆ، لەگەڵ فوئاد حسێن گفتوگۆی لەبارەى ئەنجامی سەردانەکەی ئەمدواییەی بۆ سووریا کردووە.

وەزیرانی دەرەوەی فەڕەنسا و عێراق، جەختیان لە گرنگیی رێککەوتن لەسەر دیدێکی هاوبەش بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردووەتەوە و بەپێویستیان زانیوە پڕۆسەیەکی هەمەلایانەی ئاشتییانە بەبەشداریی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی سووریا لە پرۆسەی سیاسیی ئەو وڵاتە دەستپێبکات.

وەزیرى دەرەوەی فەڕەنسا پێشنیازیکردووە، عێراق کۆنگرەی بەغداد لە نزیکترین کاتدا ببەستێت، بەشێوەیەک لەگەڵ پێشهاتە نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت.

هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وەزیرانی دەرەوەی عێراق و فەڕەنسا، گفتوگۆیان لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی بەغداد و پاریس کردووە لە بوارە جیاوازەکاندا.