ئەندامێکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دڵنیایی دەدات، کە پاش دەستپێکردنەوەى کۆبوونەوەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، هەموارى یاساى بودجە تایبەت بە نەوتى هەرێمى کوردستان تێدەپەڕێت.
کاروان یاروەیس، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە کەناڵ8ـى راگەیاند "هەموارى یاساى بودجە تایبەت بە ماددەى 12 و زیادکردنى خەرجییەکانى یەک بەرمیل نەوت لە شەش بۆ 16 دۆلار بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان تێدەپەرێنرێت".
ئەو ئەندامەى ئەنجوومەنى نوێنەران، ئەوەشى خستەڕوو، پاش دەستپێکردنەوەى دانیشتنەکانی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، لە 9ـى کانوونى دوومى 2025 هەموارەکە تێدەپەرێنرێت، چونکە پڕۆژە یاساى هەموارى بودجەکە لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە هاتووە کە سەرجەم هێزەکانی ناو هاوپەیمانی بەرێوەبردنی دەوڵەت تیایدا بەشدارن.
کاروان یاروەیس گوتیشى" ئەمریکا و وڵاتانى رۆژئاوا دەیانەوێت هەرێمى کوردستان بەفەرمى نەوتەکەى بفرۆشێت و لەگەڵ عێراق لەسەر نەوت رێکبکەوێت و نایانەوێت نەوت بە تانکەر بڕوات".
هەموارکردنەوەکە بۆ ماددەى 12 بڕگەى (ج)ـە کە تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان، ئەوەش پاش ئەوەى حکومەتى عێراق لە 5ـى تشرینى یەکەم رەزامەندیی پیشاندا بۆ زیادکردنى خەرجیى دەرهێنانى نەوتى هەرێمی کوردستان لە شەش دۆلارەوە بۆ 16 دۆلار.
لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، خوێندنەوەى یەکەمى بۆ ئەنجامدراوە لە مانگى کانوونى یەکەمى 2024 و بڕیارە پاش تەواوبوونى پشووەکانى ئەنجوومەنەکە خوێدندنەوەى دووەم و پەسەندکردنى بۆ بکرێت.