فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا – سێنتکۆم رایگەیاند، لە رووبەڕووبوونەوەیەکی داعشدا لەچیای حەمرین سەربازێکی هێزی هاوپەیمانان کوژراوە و دوانی دیکەش برینداربوون.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لە پەڕەى تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەی بەوەکردووە، هێزەکانیان بە هاوکاریی هێزەکانی عێراق پێگەکانی داعشیان لە چیای حەمرین بۆردوومان کردووە و بەهۆیەوە توانیویانە تواناکانی داعش لەو ناوچەیە بۆ هێرشکردنە سەر هاوڵاتییانی سڤیل، هاوپەیمانان و هێزەکانی سوپای عێراق سنووردار بکەن.
سێنتکۆم ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر پێگەکانی داعش فڕۆکەی F-16 و F-15 یان بەکارهێناوە و هێزی پیادەش هێرشی زەمینی کردووە و توانیویانە ئەشکەوتێکی ناوچەکە لە چەکدارانی داعش پاکبکەنەوە، کە وەکو پێگەیەک بۆ خۆڕێکخستنەوە بەکاریاندەهێنا.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا راشیگەیاندووە، هیچ سەربازێکی ئەمریکی لەو هەڵمەتەدا بریندار نەبووە و کەرەستە سەربازییەکانیشیان هیچ زیانێکی پێنەگەیشتووە.
هاوکات ئاشکراشیکردووە، هێزەکانی سووریای دیموکرات هەسەدە، رۆژی 3ـى ئەم مانگە لە نزیک دێرەزۆر ئۆپراسیۆنێکیان لە دژی هێزەکانی داعش ئەنجامداوە و سەرکردەیەکی شانە چەکدارەکانی داعشیان دەستگیرکردووە.