نزیکەی مانگێکە دابەشکردنی پارەی گەنمی جوتیارانی سلێمانی دواکەوتووە

دروێنەی گەنم لە دەشتی شارەزوور. فۆتۆ: حەمەسوور - كەناڵ8

گرفتی تەکنیکیی دابەشکردنی پارەی گەنمی جوتیارانی پارێزگای سلێمانی بە چارەسەرنەکراویی ماوەتەوە، بەڕێوەبەری سایلۆکان دەڵێت ئەو بڕە پارەیەی لەبەردەستیاندایە بەشی 10 جوتیاریش ناکات.

نزیکەی مانگێکە بەغداد پارەی گەنمی جوتیارانی خەرجکردووە و لە هەولێر و دهۆک دەستبەدابەشکردنی کراوە و پرۆسەکەش بەردەوامە، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین، گرفت بۆ گەڕانەوەى چەکى بانکی جوتیاران دروستبووە.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری بازرگانیی لە وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، ئەو گرفتەی بۆ خەرجکردنی پارەی گەنمی جوتیارانی سلێمانی دروستببوو بەتەواوەتی چارەسەرکراوە و وەڵامی چەکەکان لەلایەن بانکی رافیدەینەوە دراوەتەوە و بەمزووانە دەستبەدابەشکردنی چەکی پارەکە دەکەن.

کەناڵ8 بەدواداچوونی بۆ وادەی دابەشکردنی پارەکە کرد و دەرکەوت بڕە پارەیەکی کەم بڕیاری خەرجکردنی لەسەردراوە و دیاریش نییە کەی دەستبەدابەشکردن دەکرێت.

لەو بارەیەوە، نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی بەکەناڵ8ـی راگەیاند، هێشتا کێشەکە بەتەواوەتی چارەسەر نەکراوە، تەنیا بڕی هەشت ملیار دینار لە بانکی بابان تەرخانکراوە بۆ ئەوەی دابەشبکرێت بەسەر هەشت سایلۆدا، واتە هەر سایلۆیەک یەک ملیار دیناری بەردەکەوێت و ئەو بڕەش زۆر کەمە و بەشی چەکی 10 جوتیار ناکات.

نەسرین ئەحمەد، گوتیشی "لە هەوڵی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە بەردەوامداین".

بەردەوامى ئەم گرفتە لە کاتێکدایە، دوایین بڕی پارەی گەنمی جوتیاران، لە 14ـی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو خراوەتەسەر هەژماری وەزارەتی بارزگانی، کە 125 ملیار و 853 ملیۆن و 997 هەزار دینارە، لەو ژمارەیەش بڕی زیاتر لە 47 ملیار و 642 ملیۆن دیناری شایستەی جوتیارانی سلێمانییە، زیاتر لە 44 ملیار و 45 ملیۆن دیناری شایستەی جوتیارانی هەولێر و 34 ملیار و 165 ملیۆن دیناریشی شایستەی پارەی گەنمی جوتیارانی دهۆکە.

ساڵی رابردوو حکومەتى عێراق بڕی 685 هەزار تۆن گەنمى لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، نرخی هەر تۆنێک لە گەنمى پلە یەک 835 هەزار دینار و گەنمى پلە دوو 815 هەزار دینار دیاریکراوە، بە کۆى گشتى جوتیاران بە بەهاى 565 ملیار دینار گەنمیان بە بەغداد فرۆشتووە.