بەریتانیا دەیەوێت لەڕێگەی نەخۆشخانە تایبەتەکانەوە چارەسەری کەرتی تەندروستی بکات

test
نەخۆشخانەیەکی بەریتانیا

نۆرەی چارەخوازان لە بەریتانیا یەکێکە لە گرفتە تەندروستییە هەرە گەورەکان. بەجۆرێک بەشێکی زۆری چارەخوازان ئەگەر بیانەوێت لە نەخۆشخانەیەکی حکومی چارەسەر وەربگرن، دەبێت لەنێوان 18 بۆ 52 هەفتە لە نۆرەدا بن.

کیە ستامە، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، دەیەوێت لەڕێگەی پلانێکی نوێوە بەشێک لە گرفتەکانی سیستمی تەندروستیی بەریتانیا چارەسەربکات، ئەوەش لەڕێگەی بەهێزکردنی کەرتی تایبەتەوە بۆئەوەی ساڵانە لانیکەم ملیۆنێک چارەخواز زیاتر لە ئێستا ببینن.

ئێستا نزیکەی 6.4 ملیۆن چارەخواز لە بەریتانیا لە نۆرەدان بۆئەوەی 7.5 ملیۆن چارەسەری جیاواز وەربگرن. بەگوێرەی پلانەکەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لانیکەم %20ـی فشاری سەر نەخۆشخانە حکومییەکان کەمدەبێتەوە و نۆرەگرتنی چارەخوازانیش بە هەمان رێژە کورتدەبێتەوە.

ئەگەر ئەم پلانە جێبەجێبکرێت، داهاتی کەرتی تایبەت لە بەریتانیا نزیکەی 2.5 ملیار پاوەند زیاددەکات و دەگاتە 16 ملیار پاوەند.

ئێستا کەرتی تەندروستی لە بەریتانیا بەتەواوی دابەشبووە بەسەر تایبەت و حکومیدا. حکومەت بۆ بەشێکی زۆر لە چارەسەرەکان پشت بە کەرتی تایبەت دەبەستێت؛ بەجۆرێک لە پێنج نەشتەرگەری، یەکێکیان لە کەرتی تایبەت دەکرێت، ئەم رێژەیە لە نەشتەرگەریی چاو و حەوزدا بەرزدەبێتەوە بۆ چارەگێکی هەموو نەشتەرگەرییەکان.

ستامە، لە لێدوانێکدا دەڵێت: کاتێک 7.5 ملیۆن چارەخواز دێنە نۆرەوە، رێگەنادەین ئایدیۆلۆجیا و باوەڕە کۆنەکان رامانبگرن لەوەی کەرتی تەندروستی بەرەو تایبەت بەرین"

ماوەی چەند ساڵێکە لە هەرێمی کوردستانیش کەرتی تایبەت لە تەندروستیدا بەرەو پێشچووە و هاونیشتمانییان بۆچوونیان وایە کەرتی حکومی لاوازبووە. لە مانگی رابردووشدا وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا دابینکردنی پێداویستیی تاقیگە حکومییەکان بدرێت بە کەرتی تایبەت.